پێنجوێن
بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، تەنها بۆ لەناوبردنی هاوڵاتییان نییە، بەڵکو ئامانجێکی دیکە بۆ جینۆسایدی ژینگەییە، پێنجوێن یەکێک لەو ناوچانەیە کە بەردەوام دەوڵەتی تورک هێرشی دەکاتەسەر و زیان بە ژینگەکەی دەگەیەنێت، ژینگە پارێزانی ئەو سنوورەش دەڵێن: بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا ٥٨ هەزار دۆنم دارستان سووتاون.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر باشووری کوردستان، وێڕای بە ئامانجگرتنی هاوڵاتییانی مەدەنیی، بە بۆردوومان و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی و تاکتیکی ژینگەی ناوچەکەش وێران دەکات، ئەمەش ناڕەزایەتیی لەلای ژینگەپارێزانی پێنجوێن درووست کردووە، لەو بارەیەوە ژینگەپارێزان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
ئومێد عومەر چالاكوانی بواری ژینگە لە پێنجوێن بۆ ڕۆژنیوز وتی: پێنجوێن خاوەنی دارستانێكی تەواو سروشتی جوانە، بەڵام لە وەرزی پوش و پاواندا زۆربەی كات ڕووبەڕووی سوتان دەبێتەوە، بەشێكی بەهۆی تۆپباران و بۆردوومانی دەوڵەتانی دراوسێوە.
ئەو چالاكوانە وتیشی: بۆردوومانەكان بۆ ناوچەكە لەلایەن دەوڵەتانەوە، هۆكارە بۆ ئەوەی ژینگەكەمان وێرانبێت، زۆربەی كات داری وادەسوتێت تەمەنی ١٥٠ ساڵە بە جارێك دەبێت بە خەڵوز و لەناودەچێت و ئاسەواری نامێنێت، پێویستە ڕێگریی لێبكرێت، چونكە مەترسی گەورەن بۆ سەر دارستانە سروشتییەكانی ناوچەكە.
ڕێبەر تاهیر، ئەندامی ڕێكخراوی ملەكەوە کە ڕێکخراوێکی ژینگەییە لەناوچەکە بۆ ڕۆژنیوز وتی: دەوڵەتی توركیای داگیركەر بەردەوام بۆردوومانێكی زۆری ناوچەی پێنجوێن دەكات، بووەتە هۆی سوتاندنی بەشێكی زۆری دارستانە سرووشتییەكانی ناوچەكە، تەنها لەساڵی ڕابردوو بەهۆی بۆردوومان و ئاگرەوە، زیاتر لە ٥٨ هەزار دۆنم و دارستان و سوتاوە.
وتیشی: هەندێك لەدارەكان تەمەنیان لە ١٠٠ ساڵ زیاتر بووە كە سوتاوە، ئەو ئاگرانە زیانێكی زۆری هەبووە بۆ ژینگە و سروشتی ناوچەكە، بەهۆی بۆردوومانەكانەوە سرووشتی ناوچەكە لەبەردەم كاولكارییدایە.
ئاماژەی بەوەش كرد، پێویستە حكومەت لە ڕێگەی پەیوەندییەكانیەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئەو بۆردوومانانە ڕابگرێت، بۆ ئەوەی سرووشت و ژینگەی ناوچەكە پارێزراو بێت لە لەناوچوون، هەروەها لێپێچینەوەی توندیش لەگەڵ ئەوە كەسانەدا بكرێت دارەكان دەبڕنەوە.
ب. جـ
Comments are closed.