هەرێم قادر
سروشت و ژینگەی ناوچەی هەورامان هۆکارێکە بۆ ڕاکێشانی ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران، بەو هۆکارەش ژنێک توانیویەتی کاری تایبەت بەخۆی دابمەزرێنێت و ڕۆژانە لە چێشتخانەکەیدا خواردنی کوردەواریی پێشکەش بە نەتەوە جیاوازەکان بکات.
هەڵاڵە ژنێکە لە شارەدێی بیارەی ھەورامان، کە چێشتخانەیەک لەگەڵ خێزانەکەی بەڕێوە دەبات، وەک خۆی باسی دەکات، زۆر دڵخۆشە بە کارەکەی و دەڵێت: لێرە کارکردن خۆشە، ڕۆژانە و بەردەوام مامەڵە لەگەڵ ھاوڵاتیی کورد و عەرەب و فارسدا دەکەم، خواردنی کوردەوارییان پێشکەش دەکەم.
ھەڵاڵە خاوەنی چێشتخانەی شاژنە لە شارەدێی بیارە لە بارەی کار و کردنەوەی ئەو چێشتخانەیە وتی: ماوەی چوار ساڵە چێشتخانەی شاژنم داناوە، خواردنی کوردەواریمان هەیە، لەگەڵ ھاوسەر و منداڵەکانم بەڕێوەی دەبەین و زۆر دڵم خۆشە بە کارەکەم، باسی لەوەشکرد، کە پلانی هەیە لە داهاتوودا پەرەی پێبدات و چێشتخانەکە گەورەتر بکات.
ئەو ژنە بەتوانایە لەگەڵ ئەوەی ڕۆژانە لە چێشتخانەکەیدا کارێکی زۆر دەکات، لە ھەمان کاتدا لە نەخۆشخانەی بیارە چێشتلێنەرە.
دەربارەی شێوازی ئامادەکردنی خواردنەکانی چێشتخانەکەی وتی: خواردنەکانمان بە ڕۆنی کوردیی درووست دەکەین و میوانەکانیشمان لە زۆربەی شارەکانەوە دێن، وەک: موسڵ، بەغدا، تکریت، سلێمانی و ھەولێر و ئێران.
بەپێی ئاماری گەشتوگوزاریی ھەڵەبجە لە ماوەی سێ ڕۆژدا زیاتر لە ٥٨ ھەزار گەشتیاری بیانی و ناوخۆیی سەردانی ٣٦ ناوچەی گەشتیارییان کردووە لە ھەورامان و ھەڵەبجە، ئەوەش داھات و بوژاندنەوەیەکی باشە بۆ خەڵکی ناوچەکە.
ش.ئـ
Comments are closed.