عێراق لە ماوەی سێ ساڵدا ٢٤ هەزار پارچەی شوێنەواری گەڕاندووەتەوە

ناوەندی هەواڵەكان

وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارناسی عێراق بڵاوی كردەوە، توانیویانە لەماوەی سێ ساڵدا ٢٤ هەزار پارچەی شوێنەواری بگەڕێنینەوە عێراق، كە زۆربەیان لە ناوچە مێژووییەكان و مۆزەخانەكانی عێراقدا بە قاچاخ براونەتە دەرەوەى وڵات.

مەروە عەبدو لیلۆ، بەڕێوەبەری بەشی وەرگرتنەوە لە شوێنەوار و كلتوری عێراق لە بارەی گەڕاندەوەی چەندین پارچە شوێنەوار لە دەرەوەی وڵات بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

مەروە عەبدو لیلۆ ڕایگەیاندووە، وەزارەتەكەمان لە ڕێگەی چاودێری كردنی زیادكردنە ئاشكراكانەوە، پارچە شوێنەوارییە دزراو و بە قاچاخ براوەكان دەگەڕێنێتەوە، زۆر جاریش لە ڕێگەی پەیوەندییە دبلۆماسیی و داوا یاساییەكانەوە ئەم كارە ئەنجام دەدات.

ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەی ئەو شوێنەوارانەی لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٤ گەڕێندراونەتەوە گەیشتووەتە ٢٤ هەزار پارچە، كە لە ڕابردوودا لە مۆزەخانەكاندا دزراون، یاخود لە ناوچە شوێنەوارییەکانى عێراقدا دۆزراونەتەوە و دواتر بە قاچاخ براون.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەشێك لە شوێنەوارەكان ژمارەی مۆزەخانەكانیان لەسەرە، ئەمەش گەڕانەوەیان ئاسانتر دەكات و مۆزەخانەی عێراق لەم دواییانەدا شوێنەوارێكی گرنگی بەدەست گەیشتووەتەوە، کە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەكان، كە بۆ ماوەیەكی زۆر لە مۆزەخانەی میترۆپۆلیتان لە نیویۆرك بە پارێزراوی مابووەوە.

 عێراق لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ ژمارەیەكی یەكجار زۆری لە پارچە شوێنەوارییەكانی لەدەستدا، كە بە سەرتاسەری وڵاتانی جیهان بڵاوببوونەوە، جا چ لە ڕێگەی دزینیانەوە بووبێت لە مۆزەخانەكاندا، یاخود لە ڕێگەی هەڵكەندنیانەوە بووبێت لە ناوچە شوێنەوارییەكاندا، یان بەهۆی چەتەكانی داعشەوە بوو بێت، كە لە ساڵی ٢٠١٤دا ناوچەیەكی فراوانی لە عێراق كۆنترۆڵكرد و زۆربەی ناوچە و پارچە دێرین و شوێنەوارییەكانی لەناوبرد.

هـ.ئ

Comments are closed.