لە کەلار دیداری زانستیی دادوەر فەرهاد حاتەم بۆ پرسی ئەنفال بەڕێوەچوو

گەرمیان

وەک نەریتێكی ساڵانەی زانکۆی گەرمیان، ئەمساڵ لە یادکردنەوەی تاوانی ئەنفالدا، دیداری زانستیی دادوەر فەرهاد حاتەم بۆ پرسی ئەنفال بەڕێوەچوو، کە تێیدا ڕۆڵی دادوەر “فەرهاد حاتەم” لە پرسی بە جینۆساید ناساندنی ئەنفالدا باسکرا.

ئەمڕۆ، لە هۆڵی ڕۆشنبیری لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، “دیداری زانستیی دادوەر فەرهاد حاتەم بۆ پرسی ئەنفال” بەڕێوەچوو، لە دیدارەکە باس لە ڕۆڵی دادوەر فەرهاد حاتەم کرا لە پرسی ئەنفال و پاراستنی سەروماڵی خەڵکی و هەوڵەکانی بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانەی بەرامبەر کورد ئەنجام دراوە.

ئاریان ڕەئووف
ئاریان ڕەئووف

لەو بارەیەوە ئاریان ڕەئووف، مامۆستای زانکۆ و وتەبێژی دیدارەکە بە ڕۆژنیوزی وت: ساڵانە زانکۆی گەرمیان لە ڕۆژانی یادی تاوانی ئەنفالدا دیدار و کۆنفرانسی زانستیی ئەنجام دەدات، ئەمساڵیش لەم دیدارەدا کەسایەتییەکی وەک دادوەر فەرهادمان هەڵبژاردووە، کە ڕۆڵی هەبووە لە پرسی بەجینۆساید ناساندنی ئەنفالدا.

وتیشی: دادوەر فەرهاد ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە خزمەتکردنی کەسوکاری ئەنفال و بواری ئەکادیمیی پرسی ئەنفال، سەبارەت بە دیدارەکەش دوو پانێڵی سەرەکی لە خۆی دەگرێت و لە چەند تەوەرێک پێکدێت، لە کۆی گشتی تەوەرەکانیش باس لە پرسی جینۆساید و ڕۆڵی ئەو دادوەرەی تێیدا دەکرێت، کە لە چەند وێستگەیەکی ئەو بوارەدا خزمەتی کردووە.

ئاریان ڕەئووف ئاماژەی بەوەشکرد، لە دیدارەکە چەند کەسێکی ئەکادیمی و یاساناس باسی کارەکانی حاکم فەرهاد دەکەن، لە پرسی جینۆسایدی ئەنفال و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان.

وتیشی: لە ڕاستیدا دادوەر فەرهاد حاتەم ڕۆڵیکی گەورەی هەبوو لە کۆڕ و كۆڕبەندە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ پرسی جینۆساید، هەمیشە جینۆساید لە خەمی ئەودا بووە، زانکۆی گەرمیانیش هەوڵدەدات لە دوای حاکم فەرهاد ئەو کەلێنەی لە پرسی جینۆسایددا درووستبووە پڕی بکاتەوە.

ش. ئـ

Comments are closed.