فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا هێرشیان كردە سەر حووسییەكان

ناوەندی هەواڵەكان

شەوی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا هێرشیان كردە سەر چەند بنکەیەکى حووسییەكان لە پارێزگای حودەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەن و تا ئێستاش ژمارەی زیانە گیانی و ماددییەكان نەزانراوە.

میدیا عەرەبییەكان لە بارەی هێرشێكی نوێ فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا بۆ سەر حووسییەكان زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

كەناڵی مەسیرە بڵاوی كردەوە، شەوی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا هێرشیان كردە سەر چەند بنکەیەکى حووسییەكان لە پارێزگای حودەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەن و بنکەیەکى دیکەى حووسییەكان لە ناوچەی ڕاس عیسای سەر بە سەلیف لە باكووری حودەیدە.

ئاماژە بەوەشكراوە، تا ئێستا ژمارەی زیانە گیانی و ماددییەكان نەزانراوە.

جێگەی ئاماژەیە، لە دوای ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووە و لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، حووسییەكانی یەمەن پشتیوانی خۆیان بۆ حەماس دووپات كردەوە و ڕایانگەیاند، لە دەریایی سوور هەر كەشتییەكی ئیسرائیل یان وڵاتانی دیكە بەرەو ئیسرائیل بچێت دەیكەنە ئامانج، لە بەرامبەریشدا هێزەكانی ئەمریكا و بەریتانیا ناوبەناو بنكە و بارەگاكانی حووسیەكان لە یەمەن دەكاتە ئامانج.

هـ.ئ

Comments are closed.