دانیشتووانی مەخموور قەدەغەی چاوپێکەوتنی سەر ڕێبەر ئۆجالانیان شەرمەزار کرد

مەخموور

دانیشتووانی کامپی مەخموور لە ڕاگەیاندراوێكدا گۆشەگیریی توند و قەدە‌‌غەی نوێی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان بە توندی شەرمەزار کرد و داوای ئەنجامدانی دیداریان کرد بەپەلە.

دوێنێ، ڕاگەیاندرا کە جارێکی دیکە سزای دیسپیلین بۆ ماوەی سێ مانگ بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاکتاش سەپێندراوە، ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی ٣٨ مانگە ڕێگە بە پارێزەر و خانەوادەکانیان نادرێت سەردانی ئیمرالیی بکە.

ئەمڕۆش، دانیشتووانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور)، لە دژی ئەوبڕیارە نایاساییە، لە کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی مەخموور، بە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

عەلی بلەحی
عەلی بلەحی

لەسەرەتا ئامادەبووان خولەکێک بەبێ دەنگی بۆ ڕێزلێنان لە ڕۆحی شەهیدان وەستان، پاشان لەسەر ناوی گەل، عەلی بلەحی، هاوسەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی گەل، ڕاگەیاندراوێك خوێندرایەوە کە تێیدا هاتبوو، بەداخەوە دوێنێ زانیمان کە جارێکی دیکە بۆ ماوەی سێ مانگ، قەدەغەی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان کراوە، ئەمە شەرمەزار دەکەین، ماوەی ٢٥ سالە بە هەموو ڕێ و ڕێبازێک ئەشکەنجەیەکی دوور لە مرۆڤایەتیی لە دژی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام دەدرێت.

وتیشی: لە دژی ئەو ئەشکەنجانە ڕێبەر ئۆجالان بەرخۆدانێكی مێژوویی کردووە، زۆرجار ویستیان تیرۆر بکەن یان ژەهر خواردی بکەن، هەروەها سی پی تی لە دژی ئەوانە بێدەنگە، وەزیرەکانی دەڵێن گۆشەگیریی نییە، گەر نییە بۆ هیچ زانیارییەکمان لە ڕێبەر ئۆجالانەوە نییە؟ ئەمە ڕاست نییە.

ئاماژەی بەوەشدا، سی پی تی کە چووە تورکیا ڕاپۆرتی سەردانی ئیمرالی ئاشکرا نەکرد، ئەمەش قەبوڵکراو نییە، ڕێبەر ئاپۆ بێ ماف دەکرێت، ئێستاش بەناوی سزای دیسپلین قەدەغەی دیدار دەکەن و سی پی تیش بەرپرسیاری یەکەمە، ئێوە ناتوانن ڕێبەر ئاپۆمان لێ داببڕن.

ڕاگەیاندراوەکە بە وتنەوەی دروشمی “بژی ڕێبەر ئاپۆ، بێ سەرۆک ژیان نابێت، بژی بەرخۆدانی ئیمرالی” بە کۆتا هات.

ب. جـ

Comments are closed.