کۆمسیۆن: پێویستمان بە وادەیەكی نوێیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم

ناوەندی هەواڵەکان

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دوای بڕیارەكانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان، پێویستە كاتێكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى كوردستان دیاری بكرێت.

عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەبارەت بە هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم بۆ میدیا عێراقییەکان قسەی کرد.

عیماد جەمیل ڕایگەیان، دوای راگرتنی كارە هونەرییەكانی كۆمسیۆن و دووبارە دابەشكردنەوەی كورسییەكانی پەرلەمانی هەرێمى كوردستان، پێویستە لەسەریان كارتی هەڵبژاردن بگۆڕن و كورسییەكان بەپێی بڕیاری دەستەی دادوەری هەڵبژاردن دابەش بكەنەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، لە ماوەی ڕابردوودا ڕێكارە ئیدارییەكان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەكە بەردەوامبوون، بەڵام لە ئێستادا كارە هونەری و داراییەكان ڕاگیراون و كۆمسیۆن پێویستی بە دیاریكردنی وادەیەكی نوێیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى كوردستان.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستەی دادوەری بڕیاریدا، کە لەو ١١ کورسییەى کۆتا کە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لابرا بوون، پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان بگەڕێنێتەوە، كە دوو بۆ هەولێر و دوو بۆ سلێمانی و كورسییەكیش بۆ دهۆك دیاریکرابوو.

دوێنێ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەمەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی تا شەش مانگی دیكە درێژكردەوە بۆ ئەوەی، لەو ماوەیەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى كوردستان ئەنجامبدرێت.

هـ.ح

Comments are closed.