هەپەگە: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە چەکی کیمایی بەردەوامە

ناوەندی هەواڵەکان

هەپەگە ڕایگەیاند، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە هەرێمی زاپ و مەتینا لە داگیرکەرانیان داوە و کۆنتێنەرێک لەناوبراوە و دەشڵێن، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە تەقەمەنی قەدەغەکراو و چەکی کیمیایی بۆسەر تونێلەکانی گەریلا بەردەوامە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لەبارەى هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بەکار‌هێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی لە دژی گەریلاکانی ئازادیی، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە سێ چالاکی گەریلاکانى یەژاستار و هەپەگەدا لە ڕۆژی ٢٠ و ٢٢ـی ئایار لە هەرێمی زاپ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی کوڕەژارۆ، لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانی بەرخۆدانی گۆلکا و لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی بە چەکی قورس و چەکی نیو ئۆتۆماتیک لە کۆنتێنەرێکی داگیرکەرانیان داوە و لەناویان برد، بەڵام ژمارەی کوژار و بریندارەکان نەزانراوە.

هەپەگە ئاماژەی بەوەکردوە، ٢٢ـی ئایار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئێف ئێم دوو جار بە گازی کیمیاوی و جارێک بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومانکران، ئەو گازەی کە بەکارهاتووە ڕەنگی پرتەقاڵی بووە.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەر لە ٢٢ـی ئایار، تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی و گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، سێ جار بۆردوومان کراون.

لە کۆتایدا هەپەگە ڕایگەیاند، لە ٢٢یـی ئایار لە هەرێمی خواکوڕک، گۆڕەپانەکانی سنین، لۆلان، شاخی شەهید شەریف، لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانی بەرخۆدانی دەرگەلە، لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانی شاخی ئامێدی، بە گشتی ٧ جار بە فڕۆکەی شەڕکەر بۆردوومانکراون.

ب. ق

Comments are closed.