“سەرەڕای زیادبوونی بەڵام ماددە هۆشبەرەکان نامۆن بە کۆمەڵگەی کوردی”

سلێمانی

لە جیهاندا ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە دەرونییەکان بەشێوەیەکى بەرچاو ڕوو لە زیادبوون دەکەن ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتەی کە سیستەمی سەرمایەداریی بۆ دەستکەوتنی داهاتی زیاتر بەسەر مرۆڤایەتییدا هێناویەتی، بێگومان ئەو کێشەیە هەرێمی کوردستانیشى گرتووەتەوە و لەناو گەنجاندا زیاتر پەرەی سەندووە، پزیشکێکیش هۆشداریی مەترسییدار دەداتە گەنجانی بەکارهێنەر.

كۆمەڵگا مۆدێرنەكان بە شێوەیەكی گشتیی كەوتوونەتە بەر هەڕەشەیەكی توندی ماددەی هۆشبەر، ڕۆژنییە لە هەواڵەکاندا باسی دەستگیرکردنی بەکارهێنەران و بازرگانانی ئەو ماددەیە نەکرێت، وێرای هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکان، بەڵام کۆنتڕۆڵ نەکردنی سنوورەکان و دەیان هۆکاری دیکەی گواستنەوەیان دەرگای لە بەردەم تەشەنەکردنی واڵا کردووە.

لە باشووری کوردستاندا ئەوەی کە زیاتر گیرۆدەی ئەو ماددانە بووە و بەدەستییانەوە دەناڵێنن و هەموو کارێک دەکەن بۆ بەدەستهێنانی گەنجانن، کە بەپێی

جوانە عەبدولواحید
جوانە عەبدولواحید

توێژینەوەکان ڕێژەی بەکارهێنانی ئەو ماددانە لەناو گەنجاندا ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون دەکات و هەڵمەتە هۆشیارکردنەوەکان لە ئاستی ئەو بەربڵاوییەدا نییە.

وەک جوانە عەبدولواحید، پارێزەر دەڵێت: زیاتر گەنجان ماددەی هۆشبەر بەكاردەهێنن، چونكە بەردەوام جەستە و دەروونی گەنجان ئامادەیە بۆ وەرگرتنی شتی نوێ، هەروەها تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و سەیركردنی فیلمەكان ئەوانەی دیوێكی خراپیان، دەبێتە هۆكاری هاندان بۆ بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، كە دواتر ئەمەش كاریگەریی خراپ لەسەریان جێدەهڵێت.

بە وتەی ئەو پارێزەرە، ژنانی گەنج بەشێكی دیکەی بەکارهێنەرانی ئەو ماددانەن، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ کێشە کۆمەڵایەتیی و دەروونییەکان.

چالاکوانانیش پێیان وایە، ماددەی هۆشبەر بووەتە هۆی دروستبوونی کێشە لەناو کۆمەڵگا و خێزانەکان و نامۆیە بە کۆمەڵگەی کوردیی.

مریەم حاتەم
مریەم حاتەم

مریەم حاتەم چالاكوانێكە و دەڵێت: وێرای زیادبوونی ئەو ماددە نامۆیە بە كۆمەڵگای كوردیی، چەندین خێزان بەهۆی بەكار‌هێنانی مادەی هۆشبەرەوە هەڵوەشاوەتەوە، هەروەها بارودۆخی ئابووریی و بێكاریی و نەبوونی هۆشیاریی تەندرووستیی هۆكاری سەرەكی ئالوودەبوونە.

بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەبێتە هۆكاری داڕووخانی تاكەكانی نێو كۆمەڵگە

چالاکوانێکی دیکەش بە ناوی شەوبۆ مستەفا دەڵێت: ماددەی هۆشبەر زیانێكی زۆر بە خێزان و كۆمەڵگە دەگەیەنێت، لە بواری پەروەردە و تەندرووستیی و كۆمەڵایەتیی و ئابوورییدا، بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەبێتە هۆكاری داڕووخانی تاكەكانی نێو

شەوبۆ مستەفا
شەوبۆ مستەفا

كۆمەڵگە و كاریگەریی خراپ درووست دەكات لەسەر جەستە و بیر و هۆشی مرۆڤ و توانای كۆنترۆڵكردنی ژیانیان نامێنێت. شەوبۆ

ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە دەروونییەکان، دەیان نەخۆشی درێژخایەن و بێ چارەسەریان بە دواوەیە، ئەمە جگە لە دەیان کارەساتی دیکەی هاوشێوەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی.

لانە حافز، پزیشکى پسپۆڕی دەروونناسی دەڵێت: ئەو مرۆڤەی ئالوودەی ماددەی هۆشبەر دەبێت، ناتوانێت كۆنتڕۆڵی خۆی بكات، ئەگەر بەشێوازێكی زۆر ماددەكە بەكاربهێنێت دەبیتە هۆی مردنی، ئەو مادەیە وا لەمرۆڤ دەكات لە هەموو ڕوویەكەوە لە كۆمەڵگا داببڕێت، تەنانەت لە پەرەپێدانی خۆشی كە چۆن لە كۆمەڵگایەكی درووست و تەندروستدا بژێت.

لانە حافز
لانە حافز

بێگومان چارەسەریی ئەو ئالوودەبوونەش هەیە و وەک ئەو پزیشکە دەڵێت: كاتێك منداڵ یان گەنج ئالودەی ماددەی هۆشبەر دەبێت پێویستە ئامادەكاریی بۆ لایەنی تەندرووستی و دەروونی خۆی بكات و پەیوەندی بە لایەنی پەیوەنیدار و سەنتەرەكانی تایبەت بەم بوارە بكات، بۆ ئەوەی ئەم ماددەیە هێدی هێدی لەناو جەستەدا بنبڕبكرێت.

جوانە عەبدولواحیدی پارێزەر لەبارەی چارەسەركردنی بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر ئەوەی خستەڕوو، یاسای بەرەنگاربوونەوە ماددەی هۆشبەر و كارتێكەرە دەروونییەكان كۆمەڵێك ڕێگە چارەی بۆ دەستنیشان كردووین، لەجیاتی ئەوەی كەسی ئالودەبوو سزا بدرێت، لە نۆرینگەیەكی پزیشكی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەكان چارەسەر وەردەگرێت.

هەروەها دکتۆر لانە حافز، بە پێویستی دەزانێت لە ڕێگەی خوێندنگە و ڕاگەیاندنەکانەوە خێزان و گەنجان و تاکەکانی کۆمەڵگە هۆشیار بکرێنەوە.

بە پێی ئامارێکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوو ٦٥٣ بەکارهێنەر و ٢٥٤ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەسگیرکراون، هەروەها لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا نزیکەی ٢٠٠ بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون لە هەرێمی کوردستان، مەترسیدارترین جۆرەکانیشی دەهێنرێتە باشووری کوردستان  وەک کریستال، حەشیش، تلیاک و هێرۆین، بەشێک لە بەکارهێنەرانیش گەنجانن.

ب. جـ

Comments are closed.