کۆڵبەریی… گیان لە پێناو ژیان و ناندا

ناوەندی هەواڵەکان

چەندین ساڵە بە هەزاران هاوڵاتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشوری کوردستان و ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان بە پارەیەکی زۆر کەم پشتیان داوەتە ژێر بارێکی قورس و کاری کۆڵبەری دەکەن.

کۆڵبەران هەر جارێک کە هاتووچۆی ئەو دیوی باشوور و باکووری کوردستان دەکەن مەترسی ئەوەیان هەیە بکەونە بەر نیشانەی چەکی سەربازەکان یان پێیان بچێتە سەر مینە چێنراوەکانی پاشماوەی شەڕی عێراق_ ئێران، لە وەرزی زستانیشدا مەترسی ئەوەیان هەیە بە سەرما و هەرەسی بەفر تێدابچن.

ساڵانە بە دەیان کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران دەکوژرێن و ژمارەیەکی زۆریش بە هەڵدێران و تەقینەوەی مین و هەرەسی بەفر و لافاو و سەرما دەبنە قوربانی، ئەوانە گیانیان دەکەنە قوربانی بۆ ئەوەی خانەوادەکانیان بژین و بێ نان نەبن.

کۆڵبەری پیشە نییە، بەڵکو کارێکی ناچارییە و لە ئەنجامی سیاسەت و ستەمی ئەو دەوڵەتە دژ بە گەلانی ئێران بە تایبەت کورد دەستیان بەو کارە کردوە، هاوکات ئەنجامی دەیان ساڵ سیاسەتی هەڵاوێردن و برسیکردن و نایەکسانی کۆڵبەرانى ناچار بەو هەڵبژاردنى ئەو کارە کردوە.

بەپێچەوانەوە زیاتر لە جاران سوپای پاسداران و هێزەکانى دیکەى ئێران لە کوشتن و گرتن و ڕاوەدوونانی کۆڵبەران بەردەوامن، بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانى تایبەت بە مافی مرۆڤ لە پێنج مانگی ئەمساڵدا ٣٠ کۆڵبەر کوژراون و ١٨١ـی دیکەش بریندار بوون، بەڵام ساڵی ڕابردوو تا ئەم مانگە ١٨ کۆڵبەر کوژرابوون.

هەر بە بەپشت بەستن بەو ئامارانە لە ساڵی ڕابردوودا، لانیکەم ٤٨ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و ٤٢٧ کۆڵبەریش برینداربوون، کە زۆرینەیان قوربانی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمن و تەنیا لە ماوەی ٧٠ رۆژدا ١٧ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون.

سەرچاوە و پاڵنەری کۆڵبەری بێکارییەکی شاراوە و ئاشکرای ترسناکە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان ڕێژەی بێکاری لە ئێران بە گشتیى نزیکەى لە ٢٥% و لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان زیاترە لە ٣٥% ، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان و ئەو دۆخەى ئێران و ڕۆژهەڵاتى تێدایە ڕێژەی بێکاری زۆر لەوە زیاترە و گەیشتووەتە ٥٠% ئەوەش بەپێی راپۆرتی ڕێکخراوەکانى مافی مرۆڤ.

بەڵام بەرپرسانى دەوڵەتى ئێران بەردەوام کار لەسەر شاردنەوەى ئامارەکان دەکان دەکەن و هەوڵدەدەن ڕایگشتى و ناوخۆیی بەو ئامارانە چەواشە بکەن کە خۆیان باسی دەکەن و دەڵێن ڕێژەی بێکاری بە ٨% ـە.

 بە پێی هەندێک ئاماری نا فەرمی زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەس لە ناوچە سنوورییەکان بژێوی ژیانیان لەسەر کاری کۆڵبەرییە و نزیکەى ٩٠ هەزار کەسیش ڕاستەوخۆ کۆڵبەری دەکەن.

لەئێستادا بەشێکی زۆری هەلی کار لە بازاڕی ناوچە کوردییەکان گرێدراوی کۆڵبەرین، بە جۆرێک ئەگەر بێتو کۆڵبەری نەمێنێت ئەوا بە هەزاران کەسی دیکەش لە ڕۆژهەڵات بێکار دەبن.

دۆخی کۆڵبەران تا دێت خراپتر دەبێت، پێشتر مۆڵتنامەی کۆڵبەری تەنیا دەدرایە ئەو گوندنشینانەی کە ٢٠ کیلۆمەتر لە سنوورەکانەوە دوورن، بەڵام چەند ساڵێکە دەوڵەتى ئێران ئەوەشی نەهێشتووە.

دەسەڵاتدارانى ڕژێمی ئێران تا ئێستا دان بەوەدا نانێن کە هێزە ئەمنییەکان کۆڵبەران لەسەر سنوورەکان دەکوژن، بەڵکو هەندێ جاریش هەر ڕەتیدەکەنەوە شتێک مابێت بەناوی کۆڵبەرییەوە، لەکاتێکدا سەرۆک کۆمارەکانى پێشوو دانیان بەبوون و چارەسەرکردنیشیدا ناوە.

سەرۆکۆ کۆمارەکانی پێشووی ئێران لەسەردانەکانیان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین بەڵێنیان بۆ نەهێشتنى کۆڵبەری و دۆزینەوەی جێگیرەوەیەکی باشتر بە خەڵکی ڕۆژهەڵات دا، بۆ ئەوەش بڕیاریاندا بە کردنەوەى چەند بازاڕچە و فرۆشگایەک لەسەر سنوورەکان، بەڵام ئێستا کە مانگی حوزەیرانى ٢٠٢٤ـە نە بازاڕچەکە دروستکرا و نە کۆڵبەری کۆتایی پێهات.

هـ.ح

Comments are closed.