لە ڕێگەی فێرگەیەکەوە ئارەزوومەندانى ئەسپسواری لە گەرمیان زیادی کردووە

سەلمان عوسمان

حسێن فەتاح ڕاهێنەرێکی ئەسپسوارییە لە شارۆچکەی کەلار، حەز و خولیای بۆ ئەسپسواری فێرگەیەکی بۆ فێرکردنى ئەو کەسانە کردووەتەوە کە ئارەزووی فێربوونى ئەسپسواری دەکەن، ئێستا ڕۆژانە ئارەزوومەندانى ئەو وەرزشە ڕوو لە فێرگەکەى حسێن دەکەن.

حسێن فەتاح دانیشتووی شارۆچکەی کەلارە و وەک خۆی باسی دەکات، هەر لە منداڵییەوە خولیای ئەسپسواریی هەیە، هەمیشە هەرشوێنێک ئەسپی لێبێت ئەو ڕووی لێکردووە و لە ئێستاشدا لە ڕێگەی فێرگەیەکی ئەسپسوارییەوە ڕۆژانە چەندین کەس فێری ئەسپسواریی دەکات وەک خۆیشی دەڵێت: خۆشەویستییەکی زۆری بۆ ئەسپسواریی هەیە و ئامانجیشم لە کردنەوەی ئەم فێرگەیە تەنها فێرکردنی خەڵکە، چونکە پێم خۆشە هەموو کەسێک ئەسپسواریی بزانێت.

حسێن فەتاح
حسێن فەتاح

حسێن فەتاح، ئێستا تەمەنی ٥٢ ساڵە و دانیشتووی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە و لە منداڵییەوە خۆشەویستییەکی زۆریی بۆ ئەسپسواریی هەیە، لە ئێستاشدا ماوەی دوو ساڵە فێرگەیەکی ئەسپسواریی بە ناوی “فێرگەی پاوان” کردووەتەوە.

ئێوارانی هەموو ڕۆژێک چەندین کەس لە تەمەن و ڕەگەزی جیاواز، بە گرووپ سەردانی دەکەن و ئەمیش وەک ڕاهێنەر، ڕۆژانە ماوەی کاتژمێرتێک فێری ئەسپسوارییان دەکات و سێ کیلۆمەتر لە فێرگەکە دوور دەکەونەوە بە ئەسپەکانیان.

ئەو ڕاهێنەرە باس لەوە دەکات، هەرلە منداڵییەوە حەزووخولیایەکی زۆری هەبووە بۆ ئەسپسواریی و هەرکەسێک ئەسپی هەبوایە دەچوو بۆلای و سەیریی کردووە، وەک خۆی باسی دەکات، پێشتریش باوکی ئەسپی هەبووە و ماوەی یانزە ساڵیشە خۆی ماینێکی هەیە و زۆریی خۆشدەوێت، جگە لەوەش چەندین ئەسپی تری هەیە و ڕۆژانە خزمەتیان دەکات و زینیان دەکات، بەشێکی زۆر لە کاتەکانی تەرخانکردووە بۆ خزمەتی ئەوان.

حسێن فەتاح وەک خۆی دەڵێت: هەرکەسێک حەزی لە هەرشتێک هەبێت فێر دەبێت، من لە منداڵییەوە حەزم لێبوو، کە تەمەنم گەشتە ١٥ سوارییم کرد، لە ساڵی ١٩٩٧ لە فێستیڤاڵی جاف بەشداریم کردووە، حەزەکەم هەموو خەڵک فێریی ئەسپسواریی بێت.

ئەو ئاماژە بەوە دەکات، لە کارەکەیدا ئامانجی ماددیی نییە و فێرخوازەکانی بە نرخێکی کەم بەشدار دەبن، چونکە ئامانجی تەنها فێربوونی ژنان، پیاوان و گەنجانی ناوچەکەیە بە ئەسپسواریی، ئێستا منداڵی زۆر بچووکی هەیە ئەسپسواریی دەکات لە فێرگەکە.

ڕاهێنەرەکەى ئەسپسوار پێیوایە، کەسێک بۆ ئەوەی فێری ئەسپسواری بێت، دەبێت حەزت لە ئەسپسواریی بێت و نەترسیت، چونکە وەک خۆی دەیڵێت: کەس هەبووە بە دوو جار فێری ئەسپسواری کردووە، بەهۆی ئەوەی بە تیۆریی و کراداریی زانیاریی پێداوە، لەبەر ئەوەی خۆی لە گەڵیاندا ڕۆیشتووە دەشڵێت: لە ڕێگە هەمیشە قسەیان لەگەڵ دەکەم و پێیان دەڵێم چی بکەن و چۆن سواریی بکەن، خەڵک هەبووە نەترساوە بە دوو جار غاری کردووە.

لە کۆتاییدا حسێن فەتاح باسی لەوە کرد، ئەگەر ڕێگەی پێ بدرایە شوێنی باشتری دابین دەکرد بۆ ئەسپسواریی، بەڵام وەک خۆی دەىڵێت: ناهێڵن ئەو شتەی حەزت لێیەتی ئەنجامی بدەیت، بەڵام ئێستا ئەم شوێنەم دابین کردووە و هەرچۆنێک بێت خەڵک فێر دەکەم.

هـ.ح

Comments are closed.