مێژووی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنووری تورکیا دژی پەکەکە.. بەشی دووەم

پێنجشەممە, 20 أبر 2017 – 16:09 

ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

دەوڵەتی تورک لە ساڵی ١٩٩٢ەوە هەوڵیداوە لە خاکی باشوری کوردستان و عێراقدا بارەگای سەربازی دروستبکات، ئێستاش لە هەوڵدان و ئامادەکاریدایە لە ڕێگای ئەو بارەگایانەوە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی شەنگال و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ئەنجام بدات.

ساڵی ١٩٩١ لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، دەوڵەتی تورک هەوڵیدا بە هاوکاری پارتیی لە هێڵی دهۆک، زاخۆ و هەولێر بارەگای سیخوڕی دروست بکات، بەڵام ساڵی ١٩٩٧ قۆناغێکی نوێ ئەژماردەکرێت لە دروستکردنی ئەو بارەگایانە لە خاکی باشوری کوردستان و عێراقدا، چونکە بارەگاکان بوون بە بارەگای سەربازی، لەم ساڵانەدا دەوڵەتی تورک بە دروستکردنی بارەگای سەربازی هەبوونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا سەپاندووە.

هەروەها پاش هێرشەکەی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا دەوڵەتی تورک لە خاکی باشوری کوردستان سێ بارەگای سەربازی دروست کردووە.

ئێستا تورکیا لە ئامادەکاریدایە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی دەرەوەی سنووری دیکە دژی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و شەنگال و بەم شێوەیە هەبوونی خۆی بەسەر عێراق و باشوری کوردستاندا بسەپێنێت، پاش داگیربوونی موسڵ لەلایەن داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤دا پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیا ئاڵۆز بوو، دواتر کە تورکیا لە باشیک بارەگای سەربازی دروستکرد پەیوەندییەکە ئاڵۆزتر بوو، تورکیا بەنیازە بە دروستکردنی بارەگای سەربازی کۆنتڕۆڵی زیاتری هەبێت لەسەر خاکی باشوری کوردستان و عێڕاق.

تورکیا لە ساڵی ١٩٩٢دا بە هاوکاری پارتی، لە هێڵی دهۆک، زاخۆ و هەولێر بارەگای سیخوڕی دروستکرد، لە ساڵی ٩٩٧دا ئەو بارەگایانە بوون بە بارەگای سەربازی، تورکیا ئێستا لە ناوچەکانی بامەرنێ، شەڵادزێ، باتوفا، کانیماسی، کربی، سنەکێ، سری، کوبکێ، قومری، کۆخێ و سەری زەرد، دۆڵی زاخۆ و ئامەدییە بارەگای سەربازی هەیە، لەو بارەگایانەدا هەزاران سەرباز و ژمارەیەکی زۆر تانک و چەکی قورسی جێگرکردووە، هاوکات لە هەولێر و دهۆک بنکەی میتی تورکی دامەزراندووە، دەشوترێت تورکیا بەنیازە لە ناوچەی حەریری سەربە هەولێر فڕۆکەخانە سەربازییەکەی بخاتەوە کار.

ساڵی ٢٠٠٣ پەرلەمانی کوردستان بڕیریدابوو کە ئەو فڕۆکەخانەیە دابخرێت، بەڵام پارتی دژی ئەو بڕیارە وەستایەوە و لە ئەنجامدا فڕۆکەخانەکە دانەخرا، لەلایەکی دیکەوە کەمپەینی واژۆکۆکردن پێکهات لە باشوری کوردستان بۆ داخستنی ئەو فڕۆکەخانەیە، بەڵام پارتی دیسان ڕێگای بەمە نەدا و هاوکات داواشی لە تورکیا کرد کە فڕۆکەخانەی دیکە لە خاکی باشوری کوردستاندا دروست بکات، ئەو داواکارییە لە ساڵی ٢٠١٤دا بۆ یەکەم جار لەلایەن وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وترا.

پاش ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا داعش موسڵی داگیرکرد، ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٤دا سەفین دزەیی قسەی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵی حکومەتی تورک کرد و وتی:”بۆ ئەوەی تورکیا هاوکاریان بکات پێویستە لە خاکی باشوری کوردستان بارەگای سەربازی دروست بکات”، بەڵام ئەو ڕۆژە دزەیی داوای بارەگای لە تورکیا دەکرد بۆ پەنابەران، لەکاتێکدا دواتر لە باشیک بارەگای سەربازی تورک دروستکرا، تورکیا بە بەهانەی ئەوەی کامپ بۆ پەنابەران دروست دەکات هاتە ناو خاکی عێراق و باشوری کوردستانەوە و بارەگای سەربازی باشیکی دروستکرد.

سەفین دزەیی لە ڕۆژی ٦ی کانونی ساڵی ٢٠١٥دا لەسەر ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بلاوکردەوە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو:”تورکیا لە خاکی باشوری کوردستان و تورکیادا بارەگای نوێی دروستکردووە، ئەمەشی بۆ تێکۆشان دژی تیرۆر و پەروەردەکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی سۆران و قەڵاچۆڵان ئەنجامداوە”.

یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٥دا دەوڵەتی تورک بە بەهانەی داعش لە باکوری موسڵ بارەگای سەربازی دروستکرد، ئەمەش بووە هۆی دروتسبوونی ناکۆکی و ئاڵۆزی لە نێوان تورکیا و حکومەتی عێراقیدا،بەڵام تورکیا پێداگری کرد و گوێی نەدایە ناکۆکییەکان، دواتر تورکیا هێزی زیاتری ناردە ناو خاکی باشوری کوردستانەوە و لە بارەگاکانی جێگری کرد، ئەمەش لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵدا بەرفراوانتر لە هەمیشە ڕوویدا.

ماویەک پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ، تورکیا کە سەرقاڵی پەروەردەکردنی هێزەکانی حەشدی وەتەنی بوو لە باشیک هەوڵیدا هێزەکانی خۆی بەشداری ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ بکات، بۆ ئەمەش لەگەڵ دەستەی بەرگری نەتەوەیی حکومەتی عێراق کۆبووەوە، حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، کە ئەگەر هێزەکانی تورکیا نەکشێنەوە ناچار دەبن لە تابوتدا بگەڕێنەوە، حکومەتی عێراقیش ڕاگەیەندراوێکی دا و ڕایگەیاند، پێویستە تورکیا پاشەکشە بکات، ئەمە بوو کە هێزەکانی تورکیا ناچاربوون لە باشیک پاشەکشە بکەن، بەڵام هەبوونی لە بواری سەربازییەوە درێژەی هەبوو، دەشوترێت پاش باشیک، تورکیا لە زومار بارەگایەکی دیکەی سەربازی دروستکردووە.

پێنج حزبی سیاسی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان دا و داوایان لە تورکیا کرد، خاکی باشوری کوردستان چۆڵ بکەن، یەکێتی، بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی، بزوتنەوەی ئیسلامی و حزبی کۆمۆنیستی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوایان کرد تورکیا هێزەکانی لە باشوری کوردستان بکشێنێتەوە و بارەگا سەربازییەکانی لە خاکی کوردستان بباتە دەرەوە.

ئێستاش دەوڵەتی تورک دەستیکردووە بە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان کە ماوەیەکی زۆرە پروپاگەندەی بۆ دەکات، ئەردۆغان لە ٩ مانگی ڕابردوودا بەردەوام شەنگال بە ئامانج دەگرێت و دەڵێت ئۆپەراسیۆنێک لەوێ دەستپێدەکەن، ڕۆژی ٣ی ئازار هێرشێکی بە هاوکاری پارتی بۆسەر خانەسۆری شەنگال ئەنجامدا، بەڵام شکستی هێنا، ڕایگشتی کۆمەڵگای کوردستان پاش ئەو هێرشە کاردانەویەکی قورسیان دژی ئەو هێرشە هەبوو و هەڵوێستیان نیشاندا.

میدیا تورکییەکان ماوەیەکی درێژە کە پروپاگەندە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی دیجلە دەکەن و دەشڵێن، ئەو ئۆپەراسیۆنە لە شەنگالەوە دەستپێدەکات، دەوڵەتی تورکیش بۆ ئەم مەبەستە لە هەموو ئەم ماوەیەدا بەردەوام هێزی ناردووە بۆ هێڵی مێردین و شرناخ و لەوێ جێگری کردوون، ڕایگشتی وا بیردەکاتەوە، کە ئەم ئامادەکاریانەی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بە ئامانجی هێرشکردنە سەری هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ئەنجامدەدرێت.

بەگوێڕەی ئەو زانیاریانە بە دەست گەیشتوون، سوپای تورک لە بارەگاکانی کانیماسی، باتوفا و شەڵادزێ کە لە ناو خاکی باشوری کوردستاندان ئامادەکاری دەکات بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە و بەنیازە ئۆپەراسیۆنێک لە هێڵی ئامەدییەوە تاوەکو شەڵادزێ ئەنجام بدات، دەوترێت هێزە چەکدارەکانی پارتیش بەشداری ئەو ئۆپەراسیۆنە دەبن، لە پێش هەمووشیاندا چەکدارەکانی سەر بە پارتی کە ناوی “پێشمەرگەی رۆژ”یان لە خۆیان ناوە و لە دوایین هێرشدا بۆسەر خەڵکی ئێزدی لە خانەسۆری شەنگال بەشداری چالاکیان هەبوو.

دەوڵەتی تورک کە خەیاڵی دامەزراندنی ئیمپراتوری عوسمانی لەسەردایە هەر بەو مەبەستەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتی ئەنجامدا دەیەوێت ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی دیجلەش دەستپێبکات.

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەمی ئەم دۆسیەیە کلیک لەم لینکەی خوارەوە بکە:

https://www.rojnews.org/haber/14508/.html”>https://www.rojnews.org/haber/14508/.html

ک.ک

Leave A Reply