دەوڵەتی تورک ئاستەنگ لەبەردەم ئەو هاوڵاتیانە دروست دەکات کە دەگەڕێنەوە ڕۆژئاوا

پێنجشەممە, 20 أبر 2017 – 17:50 

ڕۆنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

دەوڵەتی تورک ئەو هاوڵاتیانەی ڕۆژئاوای کوردستان، کە لە تورکیا پەنابەربوون ڕێگا نادات بگەرێنەوە سەر خاکی خۆیان.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، دەوڵەتی تورک لەسەر سنووری دربەسی ئەو هاوڵاتیانە دەگەڕێنێتەوە کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە ڕۆژئاوای کوردستان.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوە خۆجێیەکان بەدەستمان گەیشتووە، دەوڵەتی تورک ئاستەنگ لەبەردەم ئەو هاوڵاتیانە دروست دەکات کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر خاکی رۆژئاوای کوردستان و ڕۆژانە تەنیا ڕێگا بە ١٥ کەس دەدات کە سنوور تێپەڕبکەن و بگەڕێنەوە ڕۆژئاوا، هەروەها ناسنامەی پەنابەریش لەو هاوڵاتیانە دەستێنێتەوە.

ژمارەیەک لەو هاوڵاتیانەی توانیویانە سنوور تێپەڕکەن، دەڵێن، کە ماوەی چوار ڕۆژ لە سەر سنوور چاوەڕێیان کردووە تاوەکو سەرئەنجام بەکرێگیراوانی دەوڵەتی تورک ناسنامەی پەنابەری لێوەرگرتوونەوە و ڕێگای پێداون بگەڕێنەوە ڕۆژئاوا.

ئەو هاوڵاتیانە دەشڵین، کە دەوڵەتی تورک ناسنامەی پەنابەری لەو هاوڵاتیانە وەردەگرێتەوە بۆ ئەوەی سزایان بدات و چیدی نەتوانن هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەنابەران بەکاربێنن.

جێگای ئاماژەیە، کە دەوڵەتی تورک بە دروستکردنی دیواری شەرم لەسەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان هەوڵیداوە ئاستەنگ دروست بکات لەبەردەم هاتوچۆی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان، ئێستاش بە دروستکردنی ئەو خاڵە سنووریانە ئاستەنگ دروستکردنەکانی گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست و ڕۆژانە تەنیا ڕێگا بە ١٥ هاوڵاتی دەدات کە ئەو سنوورە دەستکردانە تێپەڕ بکەن.

ک.ک

Leave A Reply