ڕۆحانی: ئەگەر ئازادی هەڵبژاردن هەبوایە شۆڕش پێویست نەبوو

سێشەممە, 11 فبر 2020 – 16:18  ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ ٤١ـەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانە دژبە ڕژێمی پاشایەتی ئێران، لە کاتێکدا ناکۆکییە ناوخۆییەکانی دەسەڵاتی ئێران پێش هەڵبژاردنی سەریهەڵداوەتەوە، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لەو مەراسیمەدا وتارێکی پێشکەشکردووە و تیشکی خستووەتە سەر ئەو ناکۆکیانە.

ڕۆحانی ڕایگەیاند: ئەگەر ڕژێمی پێشوو مافی هەڵبژاردنی ئازادی بدایە، پێویستییەک بە شۆڕش نەبوو، ئەگەر ڕێگەی بە هەڵبژاردنێکی تەندروست و ئازادی نیشتمانی بدایە، شۆڕش نەدەکرا.

ئەم قسانەی رۆحانی لەکاتێکدایە،کە لەئێستادا ئەنجومەنی چاودێریی، شایستەیی زۆربەی کاندیدەکانی باڵی ڕیفۆرمخوازی دەسەڵاتی ڕەتکردووەتەوە، ڕۆحانی بە ئاماژەدان بە شێوەی دەسەڵاتداری ڕژێمی پێشووی ئێران وتی: بۆیە شۆڕش کرا چونکە دەرگای هەڵبژاردن داخرابوو، داخستنی دەرگای هەڵبژاردن، گەلی هاندا تا لە ڕێگەی شۆڕشێکی گەورەوە ئەم زنجیرە بپسێت و ڕێگە بۆ هەڵبژاردن بکاتەوە.

ڕۆحانی لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار و بەبۆنەی جیاواز داوای ئەنجامدانی گشتپرسییەک بۆ پێداچوونەوە لە دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی چاودێری (کە دامەزراوەیەکی گرێدراوی ڕێبەری ئێرانە) کردووە.

لەڕۆژانی ڕابردووش عەلیڕەزا زاکانی نوێنەری پێشووی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاندبوو، ئەگەر پەرلەمانی داهاتوو، پێشنیاری ڕۆحانی بۆ دانووستان لەگەڵ ئەمریکا ڕەتبکاتەوە، سەرۆک کۆمار دەستلەکار دەکێشێتەوە.

لەکاتێکدا فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆسەر ئێران تادێت زیاتر دەبێت و ئێران لە بواری ئابووری، سیاسی و دیپلۆماتییەوە بەرەوە داڕووخان و گۆشەگیریی دەچێت، هەروەها ناڕەزایەتییەکانی گەلیش تادێت زیاتر دەبێت و ئەگەری سەرهەڵدانێکی دیکە بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری سیاسییەوە لە ئارادایە، ناکۆکییە ناوخۆییەکانی باڵەکانی دەسەڵاتی ئێران زیادیکردووە و باسی بایکۆتی هەڵبژاردن و بەشداریی نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ئەم مانگە دەکرێت.

جێگای ئاماژەیە، ئەمڕۆ بەبونەی ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، کە دواتر لەلایەن لایەنگرانی خومەینییەوە دەستی بەسەرداگیرا، ئامادەکاریی بۆ ڕێپێوانێکی حکومەتی کرابوو، کە گەلانی ئێران لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەمییەوە نەچوون.

د.ع

Leave A Reply