ئایا گرێی یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ بە حکومەتی نوێ دەکرێتەوە؟

شەممە, 18 ماي 2019 – 08:30  ڕۆژنیوز – بەرهەم لەتیف

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانیش یەکخستنەوەی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠-یان کردووە بە مەرج، بۆ بەردەوامیدان بە کۆمەک و هاوکارییەکانیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و بۆ ئەم مەبەسەتەش لە فشارەکانیان بەردەوامن لەسەر ئەو دوو حزبەی کە ئیدارەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دەدەن.

بەپێی وتەی جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، ١٧٠ هەزار پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان هەیە، لەو ژمارەیەش تەنها ٤٤ هەزار پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدان و باقییەکەی دیکە دابەشبوون بەسەر هێزەکانی ٧٠ و ٨٠.

هێزەکانی ٧٠ کە سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن، ژمارەیان ٦٧ هەزار پێشمەرگەیە، هەروەها هێزەکانی ٨٠ کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن، ژمارەیان نزیکەی ٦٠ هەزار پێشمەرگەیە، مێژووی پارچەبوونی ئەم دوو هێزە دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی ناوخۆی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە نێوان یەکێتی و پارتی.

پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە دەستیپێکردووە، لەو ساڵەدا لەسەر بڕیاری جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق دوو لیژنەی باڵا لە نێوان یەکێتی و پارتی پێکهێندرا، بۆ یەکخستنەوەی هەردوو وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری پێشمەرگە و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە هەولێر و سلێمانی، سەرەنجام ساڵی ٢٠١٠ بڕیاری یەکخستنەوەی هەردوو وەزارەتە دەرچوو و هەردوو وەزارەتەکە کرانە یەک وەزارەت.

پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە تا ساڵی ٢٠١٣ بەردەوامبووە، لەو پرۆسەیەدا تەنها ٤٤ هەزار پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە یەکخرانەوە، لە دوای ٢٠١٣ پرۆسەکە بەهۆی کێشەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و قەیرانی دارایی و شەڕی داعش وەستا.

لە ٢٣ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٤ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بڕیاری ژمارە ١٩ی پەسەندکرد، کە تێیدا هاتووە: پێویستە هەموو هێزەکانی پێشمەرگە لە ماوەی شەش مانگ لە دەرچوونی ئەم بڕیارەوە، لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا وەک هێزێکی نیشتمانیی یەکبخرێن، بەتایبەتی یەکەکانی ٧٠ و٨٠، بەڵام ئەو وادەیەش کۆتاییهات و ئەو دوو هێزە یەکنەخرانەوە.

سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ وەزارەتی پێشمەرگە ١٧ی خاڵی ئامادەکرد بۆ سەرلەنوێ چۆنییەتی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیاش هەریەکەیان پرۆژەیەکیان بۆ ئەم مەبەستە پێشکەشکرد کە هەرسێ پرۆژەکە خۆی لە ١٨ خاڵ دەبینییەوە، سەرجەمیان لەگەڵ پرۆژەکەی وەزارەتی پێشمەرگەش کران بە یەک پرۆژەی ٣٥ خاڵیی بۆ یەکخستنەوەی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠.

خاڵی سەرەکیی لەو ٣٥ خاڵە، یەکخستنی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ یە، خاڵەکانی دیکە پەیوەستە بە چۆنییەتی پڕۆفیشناڵکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و دواجار یەکخستنەوەیان، هەروەها بەشێکی دیکەش لەو خاڵانە، پێکهاتوون لە: ڕێکخستنەوەی مەشقی هێزەکان، ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی هێزەکان، چاککردنی سیستمی ژمێریاری، چاککردنی سیستمی پەیوەندیی.

وەزارەتی پێشمەرگە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ٣٥ خاڵە، بەڕێوبەرایەتییەکی بەناوی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە دروستکردووە، هەروەها تیمێکیش بەناوی تیمی بۆردی چاکسازیی پێکهێندراوە، لیژنەیەکی باڵاش بە سەرپەرشتیی وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت و ئەندامێتیی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە، بۆ سەرپەرشتییکردنی پرۆسەکە پێکهێندراوە.

یەکێک لە گرفتە گه‌وره‌کانی بەردەم ئەم پرۆسەیە، ژماره‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یه‌، به‌وپێیه‌ی له‌ پرۆژه‌ ٣٥ خاڵییەکەدا هاتووه‌، كه‌ ده‌بێت ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌ ١٢٠ هه‌زار زیاتر نه‌بێت، به‌ڵام ئێستا له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر هه‌یه‌ و تا ئێستا به‌رچاو ڕوونی نییه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ ده‌كات، كه‌ ناخرێنه‌ چوارچێوه‌ پرۆژه‌كه‌وه‌.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ڕۆژنیوز ئەوەی خستەڕوو، کە پرۆژە ٣٥ خاڵییەکەیان دابەشکردووە بەسەر کۆمەڵێک ئەفسەری شارەزا، کە دوو جار لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە، جێبەجێکردنی ئەو ٣٥ خاڵەش بەپێویست دەزانێت بۆ ئەوەی “هێزێکی پرۆفیشناڵی سەربازییمان هەبێت”.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، “کات و میکانیزمی جێبەجێکردن”، بە گرفتی بەردەم یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دەزانێت و دەڵێت: جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە ٣٥ خاڵییە پێویستی بە کات و دابینکردنی پێویستییەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکەوە هەیە، ئومێد دەکەین لە کابینەی نوێدا پرۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت.

هەرچەندە ئەم پرسە بووە بە پێشمەرجی هەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەشدارییکردن لە کابینەی نوێی حکومەت، بەڵام شارەزایانی سەربازیی ئۆباڵی یەکنەگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دەخەنەوە ئەستۆی یەکێتی و پارتی و دەڵێن: ئەوان کە داوای یەکگرتەنەوەی ئەو دوو هێزە دەکەن، هەر خۆشیانن کە هۆکارن بۆ یەکنەگرتنەوەی ٧٠ و ٨٠.

عەمید عوسمان محەمەد، ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: هەوڵی زۆر دراوە بۆ یەکخستنەوەی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠، بەڵام لەبەر نەبوونی خواست و ئیرادەی یەکگرتنەوە لەلایەن یەکێتیی و پارتییەوە، تا ئێستا ئەو پرۆسەیە نەگەیشتووەتە ئەنجام.

دەشڵێت: یەکێتیی و پارتیی ئەم هێزانە بۆ پاراستی خۆیان بەکاردەهێنن، ئەگەریش بیانەوێت بەشێوەیەکی شکڵیی ئەو هێزانە یەکبخەنەوە، ئەوە تەنها لەبەر فشاری وڵاتانی دەرەوەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەستەمە ئەم هێزانە یەکبخرێنەوە، چونکە دواجار ئەوانەشی کە لەو هێزانەدا بڕیاربدەدەستن، ڕاستەوخۆ بڕیار لە حزب وەردەگرن، هەتا ئەم هێزانەش بەمشێوەیە پەرتەوازەبن، مەترسیی پێکدادانی لێدەکرێت.

ئەو ئەفسەرە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بڕوای وایە، کە دواجار سازان و بڕیاریی سیاسیی یەکێتیی و پارتی، دەتوانێت گرێی یەکخستنەوەی ٧٠ و ٧٠ بکاتەوە، “بەڵام تا ئێستا ئەم خواستە بەڕوونی لەلایەن هەردوو حزبەوە بەدیناکرێت و ئەوەی ئێستاش دەکرێت، تەنها هەوڵی شکڵییە و بۆ کەمکردنەوەی فشاری وڵاتانی دەرەوەیە”.

د.ع

 

 

 

Leave A Reply