پەی: پەرلەمان سەرقاڵە بە ململانێی حزبی و تەسفیەی حیسابات

ناوەندی هەواڵەکان

ئینستیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، ڕەخنە لە وەزیری دادی هەرێم دەگرێت لەسەر ڕەتکردنەوەی بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان و بە نایاسایی ناوی دەبات.

لەسەر پرسی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر لە لایەن سەرۆكی پەرلەمان و دواتریش کار نەکردن بەو بڕیارە و ڕەتکردنەوەی لەلایەن وەزیری دادەوە، ئینستیوتی پەی نوسراوەکەی وەزیری داد بە نایاسایی وەسف دەکات و دەڵێت، ئەویش بووەتە بەشێك لەو سیناریۆیەی کە لە هەوڵی بچوككردنەوەی پەرلەماندایە.

دووپاتیدەکاتەوە کە بە پێی یاسا، وەزارەتی داد بۆی نییە ڕاستەوخۆ نوسراو ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكات، بەڵكو لە تایبەتمەندێتی لە دەسەڵاتی دادوەرییە، سەرسوڕمانی خۆیشی دەردەبڕێت کە سەرۆكی پەرلەمان لەسەر مەرجەعییەتی یاسایی و شكۆی پەرلەمان و بڕیار و واژۆكەی خۆیان بێدەنگە.

ئاماژە بەوە دەکات، لەبری ئەوەی پەرلەمان لەم قۆناغە سەختەدا بە ڕۆڵی گرنگی خۆی هەستێ و كۆدەنگی دروست بكات، خۆی سەرقاڵ كردووە بە بابەتی لاوەكی و ململانێی حزبی و سەركردەكان و تەسفیەی حیساباتی خۆیان لەسەر حیسابی خەڵك لەو دامەزراوەدا یەكلا دەكەنەوە.

س.ح

Comments are closed.