دەرچووە یەکەمەکانی زانكۆ و پەیمانگاكان گردبوونەوە

ژمارەیەک لە دەرچووە دانەمەزراوە یەکەمەکانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە سلێمانی گردبوونەوە و داوای دامەزراندنیان كرد، لە شارۆچکەی ڕانییەش ژمارەیەک لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، بۆ هەمان مەبەست گردبوونەوە.

ئەمڕۆ ژمارەیەك لە دەرچووانی ساڵی ٢٠١٦ – ٢٠١٧ یەكەم و دووەم و سێیەمی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی کوردستان، لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە سلێمانی گردبوونەوە.

سلێمانی
سلێمانی

دەرچووە دانەمەزراوەکان لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، یاداشتێكیان خوێندەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوەدا کە ژمارەیان هەزار و ١٠٠ دەرچوودەبێت کە ماوەی چەند ساڵێكە خوێندنیان تەواو كردوە و هێشتا دانەمەزراون و لە ئێستادا بێكارن و باری گوزەرانیان زۆرخراپە و تەنانەت توشی جۆرێک لە نەخۆشی دەروونی بوون.

سلێمانی
سلێمانی

لە یاداشتەكەیاندا ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد کە حكومەتی هەریمی کوردستان لە ئاستی دەرچوواندا كەمتەرخەمە و دەبێت ئاوڕی جدییان لێبداتەوە.

دوای خوێندنەوەی یاداشتەکە دەرچووە دانەمەزراوەکان بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان بەڕێپێوان بەرەو بارەگای مەڵبەندی سلێمانی یەنەکە بەڕێکەوتن.

لە لایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ بەشێک لە دەرچووانی یەکەم و دووهەم و سێیەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ساڵی ۲۰۱٦ و ۲۰۱۷ لە شارۆچکەی ڕانییە، لەبەردەم زانکۆی ڕاپەڕین گردبوونەوە.

ڕانیە (2)
ڕانیە

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕەسوڵ حەسەن، بە نوێنەرایەتی خوێندکاران بەیاننامەیەکی خوێندەوە تێدا هاتبوو: “سێ بۆ چوار ساڵە چاوەڕێی دامەزراندن دەکەین، بەڵام تاکو و ئێستا لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزراەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هیچ وەڵامێکی ئەرێنی و دڵخۆشکەرمان دەست نەکەوتووە”.

ڕانیە (1)
ڕانیە

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: پێویستە بە زووترین کات بە دەم داواکاریەکانمانەوە بێن و بڕیاری دامەزراندنمان بۆ دەربکەن لەپێناو بەڕز ڕاگرتنی ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکان، ئێمەش هەموو جۆرە فشارێکی مەدەنی و ڕێکارەکانی یاسایی دەگرینە بەر بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافەکانمان.

ڕانیە (4)
ڕانیە

داواکاریی ئەو دەرچووە دانەمەزراوانە لە کاتێکدایە پێشتر حکومەتی هەرێم بڕیاریدابوو دەرچووە یەکەمەکان دوای تەواوکردنی خوێندن ڕاستەوخۆ دابمەزرێن، جگەلەوەش حکومەتی هەرێم هێشتا مووچەی مانگی دووی ئەمساڵی مووچە خۆرانی هەرێمی دابەشنەکردووە.

ک.س

 

 

Comments are closed.