لیبیا.. شەڕی سرت و جفرە لە کاتژمێرەکانی کۆتایی نزیکدەبێتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

سوپای نیشتیمانی لیبیا بە سەرۆکایەتی حەفتەر ڕایگەیاند، شەڕی گەورەی سرت و جفرە لە کاتژمێری سفر نزیکبووەتەوە، دوپاتیشیدەکاتەوە کە ئەمجارە شەڕەکە تەنها لە لیبیا نییە، بەڵکو لایەنی عەرەبی و بیانیش دەستوەردانی تێدا دەکەن.

ئەحمەد مسماری وتەبێژی سوپای نیشتیمانی لیبیا ڕایگەیاند، حکومەتی ویفاق و تورکیا و چەتەکانیان دەستیان کردووە بە جووڵە بەرەو ئەو دوو ناوچەیە.

مسماری ئاماژەی بەوەشدا کە شەڕی ئەمجارە تەنها لیبیا نییە، بەڵکو لایەنی عەرەبی و بیانیش دەستوەردان دەکەن، چونکە پیلانی تورکیا هەڕەشەیە بۆسەر ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە.

لای خۆیەوە بەڕێوبەری ڕێنمانییە مەعنەویەکان لە سوپای نیشتیمانی لیبیا عەمید خالد مەحجوب ڕایگەیاند، “میسر هاوبەشی ڕاستەقینەمانە لە ئەمن و ئاسایشی لیبیادا”.

مەحجوب وتیشی، سروشتی جوگرافی هەردوو شاری سرت و جفرە وا هەڵکەوتووە کە ئاسان نابێت بۆ تورکیا هێرشی ئاسمانی بکات.

هاوکات هێزەکانی خەلیفە حەفتەر دوپاتیانکردەوە ،کە بە هاوبەشی لەگەڵ میسر، خەتی سنووریی لە ناوچەی ڕۆژهەڵات بە سیستەمی بەرگری ئێس ٣٠٠ دەپارێزن و بەرگری لە ئاسمانی سرت و جفرە دەکەن کە دەتوانێت ڕێگە لە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بگرێت.

س.ح

   

Comments are closed.