حزبی نەهزەی تونس بڕیاریدا متمانە لە حکومەت وەربگرێتەوە

حزبی نەهزەی ئیسلامیی تونس بڕیاریدا متمانە لە حکومەت وەربگرێتەوە، کە ئێستا خۆی هێزی پەرلەمانی وڵاتەکەی بەدەستە.

عیماد خومەیری سەرکردە لە حزبی نەهزەی ئیسلامیی تونس بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، بەهۆی قوڵبونەوەی ململانێکانیان لەگەڵ سەرۆک وەزیران ئەلیاس فەخفاخ، بڕیاریانداوە متمانە لە حکومەتەکەی وەربگرنەوە.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو فەخفاخ ڕایگەیاند، کە لە ڕۆژانی داهاتوو گۆڕانکاری لە پۆستە وزاریەکاندا دەکات لە بەرژەوەندی باڵای تونس، ئەو هەنگاوەش بە ئاڕاستەی پەراوێزخستنی حزبی نەهزە لێکدرایەوە لەناو حکومەت.

لە ئێستاشدا حزبی نەهزە بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە حکومەت پێویستی بە ١٠٩ دەنگی پەرلەمانی هەیە، لەکاتێکدا خۆی ٥٤ ئەندامی هەیە و تا ئێستا توانیویەتی ٧٣ دەنگ کۆبکاتەوە بۆ ئەو مەبەستە.

ئەو هەوڵەی حزبی نەهزە لەکاتێکدایە کە چوار فراکسیۆنی پەرلەمانی، هەوڵەکانیان بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە ڕاشد غەنوشی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حزبی نەهزە دەستپێکردووە، بەوپێیەی پێشێلی ئیدارەدانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کردووە.

حکومەتی تونس لە ٢٧ی مانگی دووی ئەمساڵ بە پاڵپشتی چوار فراکسیۆنی پەرلەمانی پێکهێنرا، لەکۆی ٢١٧ ئەندامی پەرلەمان، حزبی نەهزە ٥٤ ئەندامی هەیە و ڕەوتی دیموکراتی  ٢٢ ئەندام و بزوتنەوەی گەل “ناسری” ١٥ ئەندام و  بزوتنەوەی لیبراڵی ١٤ ئەندام و فراکسیۆنی چاکسازی نیشتیمانی کە لە سەربەخۆکان و لیبراڵەکان پێکدێت ١٦ ئەندامی هەیە.

هەرچەندە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تونسدا حزبی نەهزە زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام بڕیاریدا سەرۆکایەتی حکومەت وەرنەگرێت و لە بەرامبەردا سەرۆکایەتی پەرلەمانی وەرگرت.

س.ح

Comments are closed.