شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بەردەوامە

 شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر سنوورەکانی هەردوو وڵاتە بەردەوامە و تائێستا چەندین ئەندامی هێزە چەکدارەکانی هەردوولا کوژراون.

دوای ڕۆژێک ئاگربەست، بەیانی ئەمڕۆ دیسان پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان دەستیپێکردەوە، کە یەکشەممەی ئەم هەفتەیە دەستیپێکردبوو.

وەزارەتی بەرگریی هەردوو وڵات لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا، دەستپێکردنەوەی پێکددانەکانی نێوانیان پشتڕاست کردەوە و بەپێی هەمان بەیاننامە، پێکدادانەکان لە ئێستادا بەردەوامە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی هەردوو وڵات، تا ئێستا ١٦ کەس لە پێکدادان و تۆپبارانەکانی هەردوولا کوژراون و ژمارەیەکیش برینداربوون.

ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ساڵی ١٩٨٨ـەوە، لەسەر کێشەی قەرەباغ، بەردەوامە و تا ئێستا چارەسەر و یەکلایی نەبووەتەوە.

 ش.ف

 

Comments are closed.