مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس دەستیپێکرد

شەممە, 4 ينا 2020 – 10:32  ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و جێگری حەشدی شەعبی لەگەڵ هەشت کەسی دیکە لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکاوە کرانە ئامانج، لە ئێستاش مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمەکانیان لە شاری بەغدا دەستیپێکردووە.

دوێنێ باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا ڕایگەیاند کە ڕۆژی شەممە تەرمی ئەو کوژراوانە لە بەغدا و دواتر بە مەراسیمێک لە شارەکانی کەربەلا و نەجەف بەرەو تاران بەڕێدەکرێن.

حەشدی شەعبیش پێشتر ڕایگەیاندبوو، مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمەکان کاتژمێر ١٠:٠٠ دەستپێدەکات و کاتژمێر ١١:٠٠ لە دەروازەی ناوچەی سەوز بەرەو جادریە دەبرێن.

لە ئێستاشدا مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە بەغدا بە بەشداری ژمارەیەک لە لایەنگرانیان دەستیپێکردووە و بڕیارە تەرمی ئەبومەهدی موهەندیس لە نەجەف بەخاکبسپێردرێت.

بەپێی ڕاگەیاندنە ئێرانییەکانیش، تەرمی قاسم سولەیمانی و چوار ئێرانی دیکە کە لەو هێرشەدا کوژراون، ئێوارەی ئەمڕۆ دوای ئەوەی لە کەربەلا و نەجەف مەراسیمێکی بەڕێکردنیان بۆ بەڕێوەدەبرێت، دەبرێنەوە ئێران، ڕۆژی یەکشەممە لە مەشهەد مەراسیمێکی بەڕێکردنیان بۆ بەڕێوەدەبرێت، ڕۆژی دووشەممە لە تارانی پایتەخت مەراسیمێکی هاوشێوەیان بۆ دەکرێت و ڕۆژی سێشەممەش تەرمی قاسم سولەیمانی بەرەو زێدی خۆی، بۆ شاری کرمان بۆ بەخاکسپاردن بەڕێدەکرێت.

ک.س

Leave A Reply