مەکگۆرک: داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوە جارێکی تر بیر بکاتەوە

پێنجشەممە, 13 يول 2017 – 18:13 

ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی دژی داعش رایده‌گه‌یه‌نێت، داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوە جارێکی تر بیر بکاتەوە لەبارەی ریفراندۆم.

برێت مەکگۆرک لەمیانی وەڵامدانەوەی پرسیارێكدا سەبارەت بە ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان کە لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە:”سەبارەت بە ریفراندۆم، پێموایە ئێمە تەواو بەڕوونی دژایەتی خۆمان بۆ ریفراندۆمی 25 ی ئەیلوولی ئەمساڵ ڕاگەیاندووە”.

وتوشیەتی:‌ “ئێمە داوامان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە جارێكی تر بیر لەم بڕیارە بكەنەوە. هەروەها ئێمە هانی بەدواداچوونی دیالۆگ لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا لەسەر بنەمای دەستووری دەدەین”.

مەكگۆرك سەرباەت بە داعش جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌ کە پێویستە هەموو چاوەكان لەسەر داعشی دوژمن بن، چونکە هێشتا نەبەزێنراوە.

هاوکات لەبارەی حەویجەش مەکگۆرک پێیوایه‌، هەڵمەتی حەویجە بەتەنیا هەڵمەتێكی زۆر ئاڵۆزدەبێت، لەوبارەیەوە دەڵێت”هەرشتێك ببێتە هۆی لابردنی سەرنج لەسەر تەواوكردنی ئەم ئەركە، ئێمە پشتگیریی ناكەین، پێشموایە ئێمە ئەوەمان زۆر بەڕوونی باسكردووە”.

7 حوزەیرانی رابردوو، لە كۆبوونەوەیەکی‌ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ چەند لایەنێکی سیاسی هەرێم (جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی) لە پیرمام، ڕۆژی‌ 25 ی‌ ئەیلولی‌ ئەمساڵ دیرایکرا بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی‌ كوردستان.

د.خ

Leave A Reply