ئێران هەوڵی وشککردن و لەناوبردنی ژینگەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەدات

یەكشەممە, 28 ماي 2017 – 09:17 

ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

رێکخراوێکی پاراستنی مافی مرۆڤ پێیوایە کە، ئێران بە تاڵانکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵی لەناوبردن و تێکدانی ژینگەی کوردستان و برسیکردنی شارۆمەندانی کورد دەدات، کە ئەم مژارە بە پێی خاڵی ٥٥ی کۆنفرانسی لاهە لە ساڵی ۱۹۰۷ و کۆنوانسیۆنی جنێف لەمەڕ تاڵانکردی سەرچاوە سرووشتییەکان بە تەواوی قەدەغە کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بەپێی گوتەکانی قایمقامانی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(سنە،ورمێ،کرماشان،ئیلام) پڕۆژەکانی دروستکردنی بەنداو لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە، بە شێوەیەک کە لە پارێزگای سنە ۱۸ بەنداو، ورمێ ٥۲ بەنداو،کرماشان ۲۲ بەنداو،ئیلام ٤۰ بەنداو لە چەند ساڵی رابردوودا دروست کراوە یان لەژێر پڕۆسەی دروستکردندان.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: لە ساڵی ڕابردوودا، ئێران بە سازکردنی بەنداوی ‘درایان’ لە دەڤەری هەورامان، بووە هۆی کاولکردنی ئاسەوارە مێژووییەکان لەو دەڤەرەدا و کورتترین چۆمی جیهان (کانی بڵ)کە لە ئەو بەشەی کوردستاندایە، نزیک بوەتەوە لە وێرانبوون و تۆزێک لە خواری ئەو بەنداوەوە، لە لاێیکی ترەوە بەنداوێکی دیکە لە سەر چۆمی ‘سیمرە’ دروست کراوە کە بووەتە هۆی لەناوچوونی ئاسەوارە مێژووییەکانی ئیلام.

لە هەمان ڕاپۆرتدا باس لەوە کراوە: پتر لە ۲ساڵە کە کۆمپانیایەکی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەستی داوەتە دروستکردنی بەنداوێک لە ‘کانی سێو’ی پیرانشار کە ئاوی چۆمی ‘زی گەورە’ و بەرزاییەکانی دۆڵی ‘شێخ ئایشە’ دەخاتە مەترسی و لەناویان دەبات.

هەروەها ئەوەش هاتووە: ئەمە لە کاتێکدایە کە هەموو ئاوی بەنداوی درایان و ۸۰٪ ئاوی بەنداوی ‘گاوشان’ بۆ شوێنەکانی دیکەی ئێران بە مەبەستی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ دەگوازرێتەوە و لە هەمانکاتدا لە پارێزگای سنە تەنها ۷۰٠۰هکتار زەوی کشتوکاڵی ئەو پارێزگایە بە بەنداوە دروستکراوەکان ئاو دەدرێت، لە حاڵێکدا کە زەوی کشتوکاڵی بە گشتی لە ئێراندا ۳٦٪، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ڕێژەیە ۱۰٪ بووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە: جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە بە پێی ئاماری ڕاگەیەندراو لە لایەن ‘جیهادی کەشاوەرزی پارێزگای سن’ەوە ٤٦۰ هەزار هکتار لە زەوییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەونە خووار بەنداوەکانەوە کە تا ئێستا هیچ هەوڵێک لەم چوارچێوەیەدا بۆ بووژاندنەوە و ئاودێریکردنی ئەو زەویانە نەدراوە.

لە کۆتایی راپۆرتەکەشدا ئەوە باسکراوە کە: سەرەڕای ئەوەی کە ئەو پڕۆژانەی دروستکردنی بەنداو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی شارەکان و گەشەپێدانی کشتوکاڵ بانگەشەیان بۆ دەکرێت، مخابن لە پڕاتیک و کرداردا شتێکی جیاواز دەبینرێت و کۆماری ئیسلامی ئێران بە تاڵانکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵی لە ناوبردن و تێکدانی ژینگەی کوردستان و برسیکردنی شارۆمەندانی کورد دەدات، کە ئەم مژارە بە پێی خاڵی ٥٥ی کۆنفرانسی لاهە لە ساڵی ۱۹۰۷ و کۆنوانسیۆنی جنێف لەمەڕ تاڵانکردنی سەرچاوە سرووشتییەکان کە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدایە بە تەواوی قەدەغەکراوە.

د.خ

Leave A Reply