ناڵپارێز؛ هێرشی کولە بەرهەمی هەزار باخ لە ناودەبات

یەكشەممە, 9 أبر 2017 – 13:17 

ڕۆژنیوز – هاوكار مستەفا

بەوتەی بەڕێوەبەری شارەدێی ناڵپارێزی سەر بەشارۆچكەی پێنجوێن لەمساڵدا مەترسییەكی گەورەی كشتوكاڵی ڕووی لەباخ و ڕەزی جوتیارانی ناوچەكە كردووە بەجۆرێك زیاتر لە هەزار باخ ڕووبەڕووی هێرشی كولە بونەتەوەو ئەگەر بەزوترین كاتیش چارەسەرێك نەدۆزرێتەوە، ئەوا ئەگەر هەیە بەرهەمی ئەو هەزار باخە لەناوبچێت.

لەمساڵدا كۆی ٥٤ گوندی سەر بەشارەدێی ناڵپارێز-ی سەربەشارۆچکەی پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی، زیاتر لە ٤٠ گوندییان ڕووبەڕووی هێرشی مێرووی كولەی قرتێنەر بونەتەوە، بەوهۆشیەوە پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ بەرهەمی جوتیارانی سنورەكە بەتەواوی لەناو بچێت.

هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری شارەدێی ناڵپارێز بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ساڵانە بەروبومی باخی جوتیاران ڕووبەڕووی چەندین جۆری مێرووی زیان بەخش بوەتەوە، بەڵام جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، لەمساڵدا بەهۆی ڕەوە كولەوە ڕێژەیەكی زۆر كولەی جۆری قرتێنەر ڕووی لە باخەكانی سنورەكە كردووەو مەترسی دەكریت بەروبومی ئەمساڵی باخی جوتیاران هەمووی زیانی پێبگات.

ئاماژەی بەوەشكرد، زیاتر لە هەزار باخ لەسنورەكەماندا بونیان هەیە كە زیاتر لە باخی ترێ‌ و هەڵوژەو قەیسی و چەند جۆرێكی تری بەروبوم پێكدێن، كە بژێوی ژیانی هەزاران خێزانی سنورەكەیان لەسەرە، بۆیە ئەگەر ئەمساڵ چارەسەرێكی بەپەلە بۆ ئەم گرفتەی جوتیاران نەدۆزرێتەوە پێشبینی دەكەین كە لەساڵی داهاتودا بەهۆی دانانی گەراوە ئەو كولەیە زیاتر بڵاوببێتەوەو هەموو سنورەكە داگیر بكات.

بەڕێوەبەری شارەدێی ناڵپارێز ئەوەشی وت: هەرچەندە بە نوسراوی فەرمی لەڕێگەی قائیمقامی شارۆچكەی پێنجوێنەوە وەزارەتی كشتوكاڵمان لەو گرفتەی جوتیاران ئاگاداركردوەتەوە، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی كشتوكاڵ بەدەم جوتیارانەوە نەهاتوەو هیچ بڕە دەرمانێكی قڕكەری بۆ دابیننەكردوین، بۆیە پێشبینی دەكەین لەمساڵدا بەرهەمی باخی جوتیاران هەمووی لەناوبچێت.

س.ح

Leave A Reply