بەهۆی نالەباری ژینگەیانەوە هۆشیاری لە ناوچوونی پڵنگەکانی ئاسیا دەدرێت

پێنجشەممە, 24 نوف 2016 – 12:08 

رۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

بەگوێرەی راپۆرتی سندوقی جیهانی بەرگری لە سروشت (WWF)، ژمارەی پڵنگەکانی کێشوەری ئاسیا، لە سەد ساڵی رابردوودا لە ١٠٠ هەزارەوە گەیشتوەتە چوار هەزار و بەپێی پێشبینیەکان تا یەک ساڵی دیکە بەتەواوی لەناودەچن.

بەگوێرەی راپۆرتی سندوقی جیهانی بەرگری لە سروشت، ژمارەی پڵنگی ئاسیایی کە لە ١٢ وڵاتی کێشوەری ئاسیادا دەژین ئێستاکە گەیشتوەتە چوار هەزار.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی دروستکردنی رێگا و شەقامەکان لەو وڵاتانەدا، شوێنی ژیان و ژینگەی ئەو پڵنگانە کەم بووەتەوەو ژیانیان کەوتوەتە مەترسیەوە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بۆ ئەمەشداوە:”دروستکردنی ئەو جادانە دەبێتە هۆی گۆشەگیرکردنی پڵنگەکان و بەرەو لەناوچوونی یەکجاریان دەبات”.

راپۆرتەکە پێشبینی کردووە، کە ئەگەر ژیانی ئەو پڵنگانە نەپارێزرێت، لە یەک ساڵی داهاتوودا نەوەیان بەتەواوی لەناودەچێت و جۆری پڵنگی ئاسیایی لە جیهاندا نامێنێت.

سندوقی جیهانی بەرگری لە سروشت، گەورەترین رێکخراوی نێودەوڵەتیە لە بواری ژینگەپارێزیدا و ساڵی ١٩٦١ لە وڵاتی سویسرا دامەزرا.

س.ح

Leave A Reply