حەسەن جودی: سیستمی جیهانی بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە شکستیهێناوە

حەسەن جودی دەڵێت: پەکەکە و گەل و ڕێبەر ئاپۆ پەیوەندییەکی دیالێکتیکی لەنێوانیاندا هەیە، ئەم سێکوچکەیە، نهێنی سەرکەوتن و بەرخۆدانی تەڤگەری ئاپۆییە، سیستمی جیهانی بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە شکستیهێناوە، پەکەکە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا دەبزوێت، گەورەترین نمونەش شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە.

لە ٤٥مین ساڵەی تێکۆشانی پارتی کرێکارانی کوردستان –پەکەکە، هەروەها ٥٠ساڵەی ڕێبەرایەتی شۆڕی ئازادیی تەڤگەریی ئاپۆیی،  نووسەر و ڕۆژنامەنووس حەسەن جودی، لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا بۆ ڕۆژنیوز کە بە دوو بەش بڵاودەبێتەوە، باس لە سەرهەڵدان و دەستکەوتە دیار و بنەرەتییەکانی ئەو تەڤگەرە دەکات.

بۆچی زۆرترین دژایەتی و پdلانگێڕی و گەلەکۆمەی جیهانی لەسەر پەکەکە بەڕێوەدەچێت؟

“لەدەرەوەی سیستمی باڵادەستی جیهان لەدایک بوو”

حەسەن جودی: پەکەکە وەکوو بزوتنەوەیەکی فکری و کەلتوری و کۆمەڵایەتی لەدەرەوەی سیستمی باڵادەستی جیهان و دەوڵەت نەتەوە لەدایک بوو، بۆیە هەر لە سەرەتاوە وەک بزوتنەوەیەکی مەترسیدار بینراوە و هەم دەوڵەت نەتەوەکان هەوڵیانداوە بنکۆڵی بکەن و لەناوی بدەن، هەم دەوڵەتانی جیهان وەک ئەمریکا هەوڵی توانەوەیانداوە، بەڵام نەیانتوانیوە چونکە ئەم بزوتنەوەیە فکر و سیستم و دنیابینییەکی نوێی بەرهەمهێنا و خۆی بە هیچیانەوە گرێ نەدا، ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە بۆیە ئەمڕۆیەکی بە شکۆ و بەهێزی هەیە.

نهێنی خۆڕاگری پەکەکە چییە؟

“سێکوچکەی، ڕێبەر ئاپۆ، کورد و پەکەکە”

حەسەن جودی: پەکەکە و گەلی کورد و ڕێبەر ئاپۆ پەیوەندییەکی دیالێکتیکی لەنێوانیاندا هەیە، ئەم سێکوچکەیە، نهێنی سەرکەوتن و بەرخۆدانی تەڤگەری ئاپۆییە، زۆرهەوڵیاندا ئەم تەونە هەڵوەشێننەوە بەڵام ڕۆژ لە ڕۆژ ئەم پەیوەندییە بەهێزتر دەبێت، ئەو هەموو پلانگێڕییەکرا بۆ تیرۆرکردن و گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ، ئەو هەموو هێڵە تەسفێچییە لەناو پەکەکە دروستکرا، ئەو هەموو کۆمەڵکوژی و هێرش و جینۆسایدە لەسەر گەلی کورد، هەموو ئەم فشارانە بۆ هەڵوەساندنەوەی ئەم پەیوەندییەیە، بەڵام نەیانتوانی.

وتیشی: چونکە لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی ڕۆحی و فکری و ڕیکخستنییە، جارەنوسی ئەم سیانە بەیەکەوە بەندە بۆیە هیچ پلانگێڕییەک ناتوانێت بەرامبەر ئەم پەیوەندییە دیالیکتیکییە سەربگرێت، لەلایەن هێڵی خیانەت و بەکرێگیراوێتی ناوخۆشدا زۆرترین پلانگێڕی هەبووە بەرامبەری، بەڵام ئێستا هێڵی خیانەت لە ئاستی کوردستاندا لەلاوازترین دۆخی خۆیدایە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆشیاربوونی گەل و بەهێزبوون و سەرکەوتنی پەکەکە و دنیابینی ڕێبەر ئاپۆ، چەندە هێرشەکان گەورەبن ئەوەندە پەکەکە تۆکمەتر و گەورەتر دەبێت.

ترسی سیستمی جیهانی و مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و دەوڵەت نەتەوەکان لە پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ چییە؟

“خاوەن سیستمێکی فکری و فەلسەفییە و جێگرەوەیە”

حەسەن جودی: ئێستا لە ئاستی دنیادا فۆبیایەکی گەورە بەرامبەر بە پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ هەیە، ئەم فۆبیایە وەک پەتا و دەردێک سیستمی جیهانی ودەوڵەت نەتەوەی گرتووەتەوە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ خاوەن سیستمێکی فکری و فەلسەفییە و جێگرەوەی بۆ ڕەوتی خیانەت و دەوڵەت نەتەوە و سیستمی جیهانی پێشخستووە و تاکی کوردی لەسەر ئەو بنەمایە بنیادناوە، چەمکەکانی کۆمەڵگا دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک و خێزانی دیموکراتیک و تاکی ئازاد و کۆمەڵگایەکی سیاسی و ئەخلاقی، پێمان دەڵێت کە پەکەکە سیستمێکی جێگرەوەیە.

وتیشی: ترسی جیهانیش ئەوەیە کە بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ شکستیانهێناوە، شەڕەکە شەڕی نێوان دوو سیستمە، سیستمێکی ئازاد و سیستمێکی کۆیلە، سیستمێکی داگیرکەر و سیستمێکی وڵاتپارێز، ئەمڕۆ هۆکارێکی سەرەکی گێژاو و قەیرانەکانی سیستمی جیهانی ئەوەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین شکستیان هێنا بەتایبەتیش بەرامبەر ڕێبەر ئۆجالان شکستیان هێنا، ئەو گۆشەگیرییەش لەسەر ڕێبەر ئاپۆیە و سیستمی ئیمراڵی سیستمێکی ناتۆییە و هی سیستمی سەرمایەدارییە دەوڵەتی تورک تەنها ڕۆڵی پۆلیسێک دەبینێت بۆ ئەو سیستمە.

ئایندەی پەکەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەبینن؟

حەسەن جودی: پەکەکە ئێستا لەهەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا دەبزوێت، گەورەترین نمونەش شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە، تاکە ڕێگاش بۆئەوەی کە سیستمی جیهانی و دەوڵەت نەتەوە لەو فۆبیایە ڕزگاربن ئەوەیە کە دان بە کورد و ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەدا بنێن، ئەگەر نا ئەم فۆبیایە لەناویاندەبات.

وتیشی: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان پیویستیان بە ڕێنسانسێکی زیهنی و ئەخلاقی گەورە هەیە، بەڵام کێ دەیکا و چۆن دەکرێت؟ پەکەکە وەڵامی ئەمە دەداتەوە، ئەمڕۆ پێکەوەژیانی ئازادانە و دیموکراتییانە و ئاشتییانەی گەلانی ناوچەکە وەڵامگۆیە بۆ ئەو دەمارگیرییانەی کە سیستم پێشیدەخات، ئەمڕۆ گەلی کورد بووەتە داینەمۆی ئەم شۆڕشە لە ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سیستمی سەرمایەداریی لەڕێگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە باڵادەستی خۆی بەسەر جیهاندا دەسەپێنێت، بەڵام هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێکدەشکێنرێت.

هـ.ح

Comments are closed.