قەیڕانی سیاسی تاکەی؟

نوسینی/ ئارێز عەبدوڵا
ئاشکرایە قەیرانی سیاسی کاریگەری خراپی بۆ سەر باری ئاسایش، ئابووری، دیبلۆماسی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت قەوارەی هەرێمیش هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تادێ ئاڵۆزتر و قوڵتر دەبێتەوە!
ئایا دەکرێ لەم قۆناغەدا بەبێ یەکێک لە هەردوو هێزە سەرەکیەکەی کوردستان وڵات بەڕێوەببرێ؟
– خۆزگە.
ئایا دەکرێ لەم قۆناغەدا بەبێ هەردوو هێزە سەرەکیەکەی کوردستان وڵات بەڕێوەببرێ؟
– خۆزگە.
ئایا دەرفەت و پێشهاتێک هەیە کە جەنرالێکی پێشمەرگە کودێتایەک بەسەر دەسەڵاتی هەرێمدا بکات و هەموو هێزەکان لەمەیدانی سیاسی دووربخاتەوە؟
– خۆزگە.
دیارە داری ئەوە خۆزگانە بەرناگرێ، چونکە بارودۆخی کوردستان لەو ئاستەدانییە، کە یەکێك لەو ئەگەرانەی تیادا بەدی بێ. کەواتە هیچ دەرفەت و دەلیڤەیەک لەبەردەمدا نییە، جگە لە بەر چاوگرتنی ئەم واقیعە تاڵەی تیایدا دەژین و دیالۆگ و رێكکەوتن یان بەدیوە هەرە نەخوازراوەکەیدا بەتەواوی وێرانکردن نەبێ.
ئەگەر بە پەنجان هەڵە و کەموکوڕیە سیاسی و ئیدارییە گەورەکان بژمێرین چەندین دەستمان لەبەر دەبڕێن، بەڵام بەرژەوەندیی باڵایی وڵات لەژماردندا نییە، بەڵکو لە ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوە و نەهێشتنیاندایە.
ئایا سەرۆکی حکومەت کە بەرپرسی یەکەمی دروستکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانیشە بەتەمای چییە؟
ئایا لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەتەمای چین؟
ئەوەی دیارە لەبەر کۆمەڵێک هۆکار و پاساوی نابەجێ ئامادەیی دانیشتن و دیالۆگ نییە، نەخاسمە چارەسەرکردنی قەیرانەکە.
کەس نییە نەزانێ ڕۆژێک زووتر و هەنگاوێک زووتر بەئاراستەی لێکتێگەیشتن و لەبەرچاوگرتنی هەڵومەرج و مەترسیە ئاییندەییەکان لەبەرژەوەندیی گشتی و هەموو لایەکیشماندایە. کەواتە ئێمە چاوەڕێی چین؟
ئایا لە کوێ و کەی دەستپێبکەین؟
براینە دنیا شامی شەریف و کوردستانیش دوورگەیەکی ئارام نییە.

Comments are closed.