ئابووریناسێک: هەرێم بەهۆی تورکیاوە دوو ملیار و ٢٨٠ ملیۆن دۆلار زەرەر دەکات

بۆتان گەرمیانی

هاشم زێباری شارەزای ئابووری دەڵێت: هەرێمی کوردستان بەرمیلێک نەوت بە ١٥دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی دەدات بە تورکیا، بۆیە تەنها ساڵی ڕابردوو هەرێم ٢ملیار و ٢٨٠ملیۆن دۆلاری زەرەرکردووە، دەشڵێت: دواجار سکاڵای دادگای نێودەوڵەتی پاریس، لەبەرژەوەندی عێراق یەکلایی دەبێتەوە و هەرێم بە قەرزێکی ٣٠ ملیار دۆلاری لێی دەردەچێت.

لەسەردەمى حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووترى عێراقدا سکاڵایەک لە دژى تورکیا تۆمارکرا، لە دادگایەکی نێودەوڵەتی لە پاریس و داواى ٢٦ ملیار دۆلار قەرەبوو لەو وڵاتە کرا لە بەرامبەر ئەو چەند ساڵەی کە نەوتی هەرێم لە ڕێگەی ئەو بۆریەوە فرۆشراوە، کە بە درێژایی ٩٧٠ کیلۆمەتر لە ٧٠ کانى سەدەى ڕابردووەوە دروستکراوە و بەکارهێنانى بۆرییەکە تەنها لە دەسەڵاتى عێراق و تورکیادایە.

بەڵام دواى بەکارهێنانى بۆریەکە لەلایەن هەرێم و تورکیاوە لە ساڵى ٢٠١٤ وە تا ئێستا بەبێ ڕەزامەندی عێراق، تورکیای خستە کێشەوە، بەوپێیەی دەبوو ئەنقەرە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات نەک هەولێر.

مانگی ڕابردوو دادگا نێودەوڵەتییەکەی پاریس لە بەرژەوەندی عێراق کۆتایی بەو مشتومڕە یاساییانە هێنا لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا و کەیسەکەی لە بەرژەوەندی عێراق یەکلاییکردەوە.

یەکلابوونەوەی سکاڵاکەی عێراق لە دژی تورکیا، ئەنقەرە ناچار دەکات نەوتی هەرێم لەڕێی عێراقەوە هەناردە بکات و هەموو جۆرە مامەڵەیەکی نەوتی لەگەڵ هەولێردا ڕابگرێت، لە کۆتاییشدا تورکیا ناچار دەبێت بەو بڕیارە ڕازی بێت و حکومەتی هەرێمیش بە قەرزێکی ٣٠ ملیار دۆلاری لێی بێتە دەرەوە.

لەمبارەیەوە د.هاشم زێباری، مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری بۆڕۆژنیوز دەدوێت و دەڵێت: حکومەتی عێراق هیچ کاتێک ئەم دۆسییە داناخات، وەک کارتێکی فشار بەکاری دەهێنێت، هەرێمی کوردستان دەوڵەتی تورکیای کردووەتە هاوبەش لە دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، هەر بڕیارێکیش لەو بارەیەوە بدرێت دەبێت ئەرێ کردنی ئەنقەرەی لەسەربێت، لەبەر ئەمەش حکومەتی عێراق ناچار بوو، کە جارێکی یتر ئەم دۆسێیە بجوڵێنێت، بەگوێرەی دەستوور و هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان لەم دۆسییەدا حکومەتی عێراق مافدارە.

ئەو شارەزایەى بواری ئابوری باسی لە زیانەکانی کرد و وتی: ڕێککەوتنی نەوتی هەرێم و تورکیا زیانێکی ئابووری گەورەی لە عێراق داوە، چونکە هەرێم بۆ هەر بەرمیلێک نەوت ١٥دۆلار کەمتر لە نرخی بازاڕی جیهان بە تورکیای فرۆشتووە، ئەگەر کۆیکەینەوە بەگوێرەی ئاماری ساڵی ڕابردوو، کە زیاتر لە ١٤٤ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، لەو بڕەدا هەرێم نزیکەی ٢ملیار و ٢٨٠ملیۆن دۆلاری زەرەرکردووە، حکومەتی هەرێم ئەم ڕێککەوتنەشی لەگەڵ ئەردۆغان بەبێ گەڕانەوە بۆ هیچ پرەنسیپ و یاسایەک ئەنجامداوە.

هەروەها وتیشی: بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تەنها قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان، ٣ملیار و ٣٤٨ ملیۆن دۆلارە، (کۆمپانیای وزەی تورکی) لەبەرامبەر کرێی گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان، لەماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا ٤دۆلار و ٢٠ سەنت وەردەگرێت، لەم ڕێگەیەوە زیاتر لە ٦١٣ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە لە ساڵێکدا، جگە لەوەش هەندێک کۆمپانیای ناوخۆیی حزبی وەکو کۆمپانیای کار گرووپ و ڕۆز نەفت، ٢٧٤ملیۆن دۆلاریان لەو نەوتە دەست کەوتووە، ئەمە جگە لەوەی خەرجی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم نزیکەی لە ٦٠٪ دەکەوێتە دەست کۆمپانیا و ئەوەی وەک داهات دەمێنێتەوە لە ٤٠٪ دەبێت.

ئەو ئابووریناسە وتیشی: بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخەش پێویستە حکومەتی هەرێم دەستبەرداری ئەنقەرە ببێت و کێشەکانی لە بەغداد چارەسەر بکات، کابینەی نوێی عێراق بکاتە دەرفەتێك بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و غاز لەبەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەک دەوڵەتێکی داگیرکەر، کە سوود لە پارەی نەوت و غازی وڵاتەکەمان دەبینن و بەو پارەیە گەلەکەمان کۆمەڵکوژ دەکەن هێرش دەکەنە سەر بزوتنەوەی ئازاداییخوازانەی گەلەکەمان و بە فڕۆکە و تانک لێمان دەدەن.

لەکۆتایشدا دەربارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی وتی: ئەگەر جێبەجێبکرێت لەبەرژەوەندی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە، تەنها لە بەرژەوەندی گەندەڵ و مافیاکانی هەرێمی کوردستان نییە، کە لەسەر حسابی خەڵک دەوڵەمەند بوون و بوونەتە مافیای نەوت و غاز، سامانی سروشتی ئەم وڵاتە هەڕاج دەکەن لە بازاڕی جیهاندا.

هـ.ح

 

 

Comments are closed.