٨ی مارس و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی!

ناوەندی هەواڵەکان

لەو شوێنەی کە ئازادی لە ژنان سەندرایەوە، ئێستا ڕاپەڕینێکی نوێ لەبەرامبەر هەزاران ساڵ نادادپەروەری و زەوتکردنی ئازادی ژنان دەستیپێکردووە، بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” ژنان داوای ئازادی و دادپەروەری بۆ هەموو گەلانی جیهان دەکەن.

مێژووی دیارییکردنی ٨ی مارس دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٥٧، ئەوکاتەی ژنانی کرێکار لە کارخانەی ڕستن و چنین لە شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا، بەمەبەستی کەمکردنەوەی ماوەی کارکردن و پێدانی کرێیەکی شایستەتر، خۆپیشاندانێکی گەورەیان ئەنجامدا.

لە ٨ی مارسدا ژنانی کرێکار لەئاست ئەو ستەمانەی بەرامبەریان دەکرا بێدەنگییان شکاند و ڕژانە سەر شەقامەکان، ئەم ناڕەزاییە بەشێکی زۆری ژنانی کارگەکەی گرتەوە و بەردەوامیی ھەبوو، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە هێرشکرایە سەریان، بەشێكیان دەستگیرکران و ژمارەیەکی بەرچاویش کوژران و برینداربوون.

خەباتی ژنانی کارخانەی ڕستن و چنین لەئەمریکا وەک ڕووداوێکی مێژوویی و گرنگ لە مێژووی خەباتی مافخوازانەی ژنان هەژماردەکرێت.

دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٥٠ ساڵ و لە ٨ ی مارسی ١٩٠٨، دووبارە ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستن و چنینی کەتان لە شاری نیۆیۆرک لەگەڵ یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە بەھۆی پەستانی زۆری کار لەسەریان و مووچەیەکی کەم، دەنگی ناڕەزاییان بەرزکردەوە.

خاوەنی کارگەکە بە ھاوکاریی پاسەوانەکانی کارگەکە و بۆ ڕێگریی لە گەشتنی ناڕەزایەتییەکانی بە بەشەکانی دیکەی کارگەکە، ئەو ژنانەیان لە شوێنی کارەکانیان زیندانی کرد، دواتر بە ھۆکارێکی نادیار ئاگر لە کارگەکەدا کەوتەوە، تەنھا چەند ژنێک لە دیلکراوەکان توانیان خۆیان ڕزگار بکەن، لەم ڕووداوەدا ١٢٩ کرێکاری ژن سووتان.

ڕۆژی ٨ی مارس، وەک ڕۆژێک بۆ ناڕەزایەتی ژنان بەرامبەر نادادییەکان لە یادەوەری خەڵکدا مایەوە.

ساڵ لەدوای ساڵ لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، ناڕەزایەتی ژنان وەک خۆپیشاندان و دروستکردنی فشار لەبەرامبەر مافەکانی ژناندا بەردەوام بوو.

یەکەمین ڕۆژی جیھانیی ژن، لە مانگی مارسی ١٩١١، لە دانیمارک، ئەڵمانیا، ھۆڵەندا، نەمسا، سویسرا و ئەمریکا بەڕێوەچوو، ملیۆنان ژن لە چالاکییەکانی ئەو ڕۆژەدا بەشدارییان کرد، خواستە سەرەکییەکانی ژنان بریتی بوون لە یاسای پاراستنی مافی کرێکار بۆ ژنان، مافی دەنگدان و بەشدارییکردن لە ھەڵبژاردنەکاندا، یەکسانیی مووچە لەگەڵ پیاواندا، ٨ کاتژمێر کارکردن لە ڕۆژێکدا، پاراستنی دایک و منداڵەکەی، زیادکردنی مووچە کەمەکان و پێدانی مووچەیەکی شایستە لەبەرامبەر کارکردندا.

دواتر لەساڵی ١٩٧٨ ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا کە ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژن بەفەرمیی بناسرێت.

هۆکاری دیارییکردنی ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕێزلێنان بوو لە بیرەوەری خەباتی ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستنی نیۆیۆرک لەساڵی ١٨٥٧.

ئێستا هەموو ساڵێک و لە یادی ٨ی مارسدا، ئەم بۆنەیە لە زۆر وڵاتی دونیا ڕێزی لێدەگیرێت و بە شکۆداری بەڕێوەدەچێت، وەک ڕۆژی وەستانەوە بەرامبەر بە نادادیی، هەڵاواردنی جێندەریی و چەوساندنەوەی ژنان لەشوێنی کار، هەروەها ڕێزگرتن لەو کەسانەی کە ئاگری ئەم شۆڕشەیان ھەڵگیرساند لەپێناو باشترکردنی دۆخی ژنان.

ئێستاش لە کوردستانەوە بە دروشمێکی کوردانە ئەو تێکۆشان و خەباتەی ژنان گڕ و تینێکی بەبەردا کراوەتەوە، “ژن، ژیان ئازادیی”، بووەتە دەنگ و ڕەنگی سەرجەم تێکۆشان و خەباتی گەلان لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادیی و دادپەروەریی.

ژنانی کرێکار بۆ چەسپاندنی یەکسانیی ھەمەلایەنە و دەستخستنی مافە سەرەتایی و ئینسانیەکانی ژنان خەباتیان کرد، بەڵام ئێستا ژنانی کورد تێکۆشانەکانی بردووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو تر و داوای ئازادی و دادپەروەری بۆ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەکان دەکات.

ھێشتا لە زۆربەی وڵاتانی جیھان، لە چوارچێوەی خێزان، کۆمەڵگە یان شوێنی کار، ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژیی دەبنەوە، تاکو ئێستا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقا، کچان لە تەمەنی منداڵییدا هاوسەرگیرییان پێدەکرێت، تاوانی کوشتن لەژێر ناوی شەرەف و خەتەنەکردنی کچان بەردەوامە.

لە پێشکەوتووترین وڵاتانی جیھانیش ھێزی کاری ژنان بەرامبەر بە کاری یەکسان لەگەڵ پیاوان، ھەرزانترە، ڕێژەی داھاتی ژنان بەراورد بەپیاوان کەمترە.

سێ لەسەر چواری نەخوێندەوارەکانی جیھان ژنانن؛چونکە بەهۆی سیستەمى پیاوسالارییەوە ڕێگە بە ژنان نەدراوە بخوێنن و فێری زانست و زانیاری بن، جگە لەوەش ژنان و منداڵان گەورەترین قوربانیی ئاوارەیی شەڕەکانن.

دیارییکردنی جلوبەرگ بۆ ژنان، حیجابی زۆرەملێی، بازرگانی بە ژنان، دەستدرێژی سێکسیی و جەستەیی و دەروونیی، نمونەی بندەستیی ئاشکرایە، کە ڕۆژانە وەک دیاردەیەکی ئاسایی دژی ژنان بەڕێوە دەچێت.

١٦٦ساڵ بە سەر مێژووی دەست نیشانکردنی ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی جیھانیی ژن تێدەپەڕێت، بەڵام ھێشتا ھۆکار زۆرن بۆ ژنان و پارێزەرانی مافەکانی ژنان، لەم ڕۆژەدا لە سەرتاسەری جیھان بێنە مەیدان وبەرگریی لە مافە سەرەتاییەکانی ژنان بکەن.

سەرباری کرانەوەی کوردستان بەڕووی جیهاندا و تێکەڵبوونی بە ژیانی سەردەمیانە و تەکنەلۆژیا، تاوان و توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان ڕووی لەزیادبوونە.

دامەزراندنی چەندین ڕێکخراو لەژێر ناوی داکۆکییکردن لەمافەکانی ژنان و پاراستنیان، هاتنە پێشەوەی ژنان لەبوارە جیاجیاکاندا و نیشاندانی توانا و دیاریکردنی جێدەستی خۆیان، بەڵام هێشتا نەتواندراوە ئەو دیاردانە لە کۆمەڵگەی کوردییدا بسڕێتەوە.

ش. ئـ

 

Comments are closed.