زیلینسکی: ئۆکراین لە ئێستادا توانای هێرشی پێچەوانەی نییە

ڤلادمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین دانی بەوەدانا کەوا لەم کاتەدا سوپاکەی توانای هێرشی پێچەوانەی نییە بە ئاڕاستەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی، هۆکارەکەش بەهۆی کەمی چەکەوەیە.

لەمیانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی یومیوری یابانی ڕایگەیاند: تاکو ئێستا توانای هێرشی پێچەوانەمان نییە، بەبێ بوونی تانک و زرێپۆش و تۆپهاوێژ و موشەکهاوێژی ئەمریکی هیمارس، ناتوانین سەربازە ئازاکانمان بنێرینە پێشەوەی هێڵەکانی جەنگ بەبێ ئەو هاوکارییە سەربازییانە.

هەروەها زیلینسکی دوپاتیشی کردەوە، کە چەک و پێداویستی سەربازیمان زۆر کەمبووەتەوە و دەسەڵاتدارانی کییڤ چاوەڕوانی گەیشتنی پێداویستی سەربازیین لەلایەن هاوپەیمانەکانمانەوە.

زیلینسکی هەلی دانوستانی ئاشتی لە نێوان ئۆکراین و ڕوسیا ڕەتکردەوەو، پاساویشی بەوە هێنایەوە کە تاکو ئێستا بارودۆخێکی وەها نەهاتۆتە پێشەوە بۆ بەدەستهاتنی ئاشتی، ئاماژەی بەوەشدا کە متمانەی بە پلانی چین نییە بۆ ئاشتی و بە ڕەشبینییەوە لەو پلانە دەڕوانێت، چونکە تاکو ئێستا لەلایەن چینەوە هیچ پێشنیارێکی نێوەندگیری یان ڕێکخستنی دانوستانمان پێ نەگەیشتووە”

لە کۆتاییدا سەرۆکی ئۆکراین ئاشکرای کردوە، لە ڕێگەی کەناڵە دبلۆماسییەکانەوە ئامادەییمان دەربڕیوە چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆکی چین شی جین پین ئەنجام بدەین، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی ئەرێنیمان وەرنەگرتووە.

س ک

Comments are closed.