مادە هۆشبەرەکان هەڕەشە لە داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن

ئامارە فەرمییەکانی هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاماژە بە دۆخێکى ترسناک و تاریک دەکەن لە بازرگانیکردن و بەکارهێنانى مادە هۆشبەرەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان، شارەزایانیش هۆشداریی دەدەن لە داڕووخانى ئەمنى و لێکترازانێکى گەورەی کۆمەڵایەتى.

بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکانی حکومەتى عێراق لەماوەى دوو ساڵی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانى عێراق دەستیان گرتووە بەسەر چەندین تۆن مادەی جیاواز و ملیۆنەها جۆری جیاواز لە مادەی هۆشبەر، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ تاکو ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٤٣ هەزار کەس بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

عەقید بیلال سوبحی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی مادەی هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت: دەزگا ئەمنییەکان لە ساڵی ٢٠١٩ دا زیاتر لە شەش هەزارو ٧٤ تۆمەتبارییان دەستگیر کردووە بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٠دا ژمارەکە زیادیکردووە بۆ هەزار و ٥١٤ کەس.

لە ساڵی ٢٠٢١ دا ژمارەی دەستگیرکراوان زۆر زیاتر بوون و١٢ هەزارو  ٨٢٢ کەس دەستگیر کراون، کە لە ٪٦٠ ئەو ژمارەیە بازرگانی مادەی هۆشبەر بوون.

هەر بە وتەى عەقید بیلال، ژمارەکە لە ساڵی ٢٠٢٢دا زۆر زیادی کردووە ١٦ هەزار و ٨٥١ کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیر کراون، کە زۆرینەیان تەمەنییان لە نێوان ١٨ بۆ ٣٠ ساڵدایە، ٥٠٠ کەسییان لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵەوەن و ٢٥٠ ژن و ژنی گەنجیش لەناو دەستگیرکراواندان.

یاساکان تۆکمەنین بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر

پێش ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراقدا بەهۆی قورسی سزاکان، شتێک نەبووە بە ناوی مادەی هۆشبەر، یاسای لە سێدارەدان بۆ هەر کەسێک دەردەچوو ئەگەر بازرگانی پێوە بکردایە یان بەکاریبهێنایە، بەڵام لە پاش سوککردنی سزاکان لە سێدارەدانەوە بۆ دەستگیرکردن و زیندانیکردن بۆ ماوەیەک، هەروەها دەربازبوونی قاچاخچییەکان لەسەر سنور و ناچالاکی جێبەجێکردنی یاساکان، بووە هۆی ئەوەی مادە هۆشبەرەکان بە ئاسانی بێتە ناو عێراق و هەرێمی کوردستانەوە و بازرگانی پێوە بکرێت.

ساڵی ٢٠١٧ پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە ٥٠ ی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەری دەرکرد، کە لە ڕێگایەوە بەڕێوەبەرایەتی ڕوبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دروستکرد، لە یاساکەدا پۆلێنی ئەو کەسانە  کراوە، کە بەکارهێنەر و بازرگانن، بەکارهێنەران بەپێی مادەی ٣٢ زیندانی دەکرێن لە ساڵێکەوە بۆ سێ ساڵ، لەگەڵ سزای دارایی بە بڕی پێنج ملیۆن دینار، لە کاتی نەدانی بڕە پارەکە ماوەی زیندانییەکە شەش مانگی تری بۆ زیاد دەکرێت.

بەڵام ماوەی زیندانی بازرگانەکان بەپێی مادەی ٢٨ دەبێت لە یاسای سزادانی عێراقی، کە ماوەی زیندانی کردنی بازرگان لە پێنج ساڵەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی دەبێت، لەگەڵ سزای دارایی لە ١٠ ملیۆن دینارەوە بۆ ٣٠ ملیۆن دینار، هەروەها سزایەکی تریش بەپێی مادەی ٢٧ دەیگرێتەوە لە زیندانی هەتا هەتاییەوە بۆ لە سێدارەدان بۆ ئەو کەسەی مادەی هۆشبەر هەناردە یان هاوردە بکات.

لە هەرێمیش پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٠دا یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەری دەرکرد، بەپێی یاساکە، تۆمەتبارانی بەکارهێنەران و بازرگانانی مادەی هۆشبەر دەخرێنە دوو جۆر زیندانەوە، جۆری یەکەمییان زیندانی ئاسایشە، کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە، جۆری دووەمییان بەڕێوەبەرایەتی چاکسازییە، کە سەر بە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتییە.

بە وتەى شارەزایانى بواری ئەمنی و مادە هۆشبەرەکان، یاساکانی هەرێمی کوردستان ئێستا هێندە بەهێزنین دژایەتی مادەی هۆشبەر بکەن، پێویستە یاسای توندتر و نوێ دابڕێژرێت بۆ بەرگرتن لە بازرگانیکردن و مادەی هۆشبەر، بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکانیش لە شوێنى تایبەتمەندا کار بۆ چارەسەرکردن و هۆشیارکردنەوەیان بکرێت بە مەبەستى وازهێنان لەو مادانەو گەڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە.

سەرباری ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە زیندانەکانى چاکسازی گەوران لە نێویاندا بوونی سۆنەر بۆ پشکنینی سەردانکەران و فەرمانبەران لە کاتی هاتنە ناوەوەیان بۆ ناو زیندانییەکە، بەڵام بەو جۆرەش هێشتا مادەی هۆشبەر بە چەندین ڕێگای جیاواز دەچێتە ژورەوە بۆ زیندانییەکان.

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەنوێترین لێدوانیدا لەسەر ئەو پرسە دەڵێت: هەندێک لە زیندانەکان بووەتە شوێنی بازرگانی کردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، بەشێکی زۆر لە زیندانییەکان بە تاوانی جیاوازتر لە تاوانی مادەی هۆشبەر هاتونەتە ناو زیندانەوە، بەڵام کاتێک دەردەچن یان بەکارهێنەرن یان بازرگانن یان بانگەشەکاری مادەی هۆشبەرن.

ئەو وەزیرە نموونەیەکى سەرنجڕاکێش دەگێڕێتەوە، لەم ماوەیەدا باوکێک لە یەکێک لە زیندانەکانى هەرێم مادەى هۆشبەری بۆ کوڕێکى بردووەتە ژوورەوەى زیندان، بەڵام پێی زانراوەو دەستگیر کراوە.

ئامارە فەرمییەکانی لایەنە پەیوەندییدارەکانى حکومەتى هەرێم ئاماژە بە ئامارێکى ترسناک دەکەن کە چۆن بە خێرایی بارزگانیکردن و بەکارهێنانی زیادی کردوە، بەجۆرێک لە ساڵی ٢٠٠٦دا  ٣٠ کەس بە تاوانی بە کارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە لە تەواوی کوردستاندا دەستگیرکراون.

 لە ساڵی ٢٠١١دا ژمارەکە بەرز دەبێتەوە بۆ ٨٨ کەس، پاشان حاڵەتەکان زیاد دەکات و لە ساڵی ٢٠١٦دا ٥٠٨ کەس دەستگیر کراون، ژمارەکە لە ساڵی ٢٠٢١ دا دەبێتە نزیکەی چوار هێندە، کە هەزار و ٩٤٣ کەس بوون، لە شەش مانگی ساڵی ٢٠٢٢شدا هەزارو ٢٥١ کەس دەستگیرکراون.

بەپێی ئامارێکی وەزارەتى ناوخۆی عێراق، کە میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردوەتەوە، بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر ژمارەیان زیاترە لە ٧٥ هەزار کەس، زۆرینەیان لە نێوان تەمەنی ١٨ بۆ ٦٤ ساڵدان، لە نێوانیاندا ڕێژەی ٪٢٣ ژنن.

عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی پێشووی عێراق لە میانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرای کردوە، کە لە ٪٥٠ گەنجانی عێراق بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرن.

بەپێی ئەو ئامارو لێدوانانە، ئەگەر سنورێک بۆ بەکارهێنەران و بازرگانانی مادەی هۆشبەر دانەنرێت ئەوا لە چەند ساڵی داهاتوودا عێراق و هەرێمی کوردستان نوقمی مادە هۆشبەرەکان دەبن و وڵات ڕووبەرووی کارەساتێکى گەورەى کۆمەڵایەتی دەبێتەوە.

س.ک

Comments are closed.