ئەردۆغان بە پاشماوە و شانە نووستووەکانى داعش ئارامی لە عێراق و سووریا تێکدەدات

ناوەندی هەواڵەکان

دوای چەند ساڵێک لە کۆتاییهاتنی داعش لە عێراق و سووریا جارێکی دیکە دەوڵەتى تورک دەیەوێت داعش لەو دوو وڵاتە زیندوو بکاتەوە و ناوچەکە بخاتەوە ناو ئاگرێک کە سووتەمەنییەکەی گەلانى عێراق و سووریا بە تایبەتیش کورد و ئێزدییەکان و مەسیحییەکان بن.

بەڵگە و هەنگاوەکانی دەوڵەتى تورک بۆ زیندووکردنەوەى داعش زۆر و ئاشکران، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى و وڵاتانی ناوچەکە چاویان لەو پاڵپشتییەی ئەردۆغان پۆشیووە، وەک ئەوەى بڵێیت ئەوانیش نەیانەوێت داعش کۆتایی بێت و ناوچەکە ئارامی بەخۆیەوە ببینێت.

عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی و بەشێک لە حەلەب، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیر کراون بوونەتە شوێنی گەرای چەتەکانی داعش و دووبارە سەر هەڵدانەوەیان، دەوڵەتى داگیرکەری تورک بە بەرچاوی ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا و ڕووسیاوە ئەو ناوچانەی کردووەتە مۆڵگەى چەتەکانی داعش و لەوێوە بۆ ناوچەکانى دیکەى سووریا و عێراق و لیبیا و وڵاتانی دیکە بڵاوەیان پێدەکات و کاری تیرۆریان پێ ئەنجام دەدات.

هەوڵە بێوچانەکانی دەوڵەتى تورک بۆ ڕزگارکردنی کەسوکاری چەتەکانى داعش لە زیندانی حەسەکە و کامپی هۆل، تەنیا ئامانج لێی زیندوو کردنەوەى گرووپە چەتەکانى داعشە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو شکست بە دەیان هەوڵی ڕاکردنی چەتەکانى داعش لە زیندانی حەسەکە هێندراوە کە دەوڵەتى تورک نەخشەکەى بۆ داڕشتوون.

ئێستا هەزاران سەردەستە و چەتەى داعش لە نەخۆشخانەکانى تورکیا چارەسەریان بۆ دەکرێت و دوای چاکبوونەوەشیان ڕەوانەى عێراق و سووریا و وڵاتانی دیکەیان دەکات، بەشێکی دیکەشیان لە هۆتێل و شوقە و ڤێلاکانی ئەو وڵاتە دەحەوێنەوە و لەکات و شوێنی پێویستدا بەکاریان دەهێنێت.

بەشێک لە سەردەستەکانى داعش ڕۆژانە لە میدیاکانى تورکیا و ئاکاپەوە چاوپێکەوتنێیان لەگەڵ دەکرێت و هەڕەشەی داگیرکردنى خاکی عێراق و سووریا دەکەن، کەچی تا ئێستا حکومەتى عێراق و سووریاش لەسەر ئەو چاوپێکەوتنانە هیچ هەڵوێستێکیان نییە.

ئەردۆغان بۆ درێژەدان بە داگیرکارییەکانى لە سووریا و بە تایبەت باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پێویستى بە بەردەوام بوونی چەتەکانى داعشە، لەلایەک لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا مامەڵەیان پێوە دەکات، لەلایەکی دیکەش دەیەوت نەخشەی میساقی میلییانیان پێ جێبەجێ بکات کە خەون و خەیاڵی ئەردۆغانە.

دەوڵەتى تورک بە بیانووی لەناوبردنی داعش تا ئێستاش ملیۆنان دۆلار لە وڵاتانى هاوپەیمانی دژە داعش وەردەگرێت، لەکاتێکدا ئەو دۆلارانە لە زیندووکردنەوەی چەتەکانى داعش بەکاری دەهێنێتەوە.

مانگی ڕابردوو میدیا عەرەبییەکان کۆبوونەوەیەکی ئەردۆغانیان لەگەڵ هەشت سەردەستەى داعش ئاشکرا کرد، یەکێک لەوانە ئەبوو هەمزەی مەغریبیی یەکێک لە سەر دەستەکانى داعشە، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەردۆغان کێشەى نێوان چەتەکانى داعشی چارەسەر کردووە کە شەڕ و ئاڵۆزیی لە نێوانیاندا دروست ببوو.

لە عێراقیش ئەردۆغان و دەوڵەتە فاشیستەکەی کاری زۆریان کردووە بۆ زیندووکردنەوەى داعش، بەشێک لەو چەتانەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، دانیان بەوە داناوە کە بە هاوکاری پەدەکە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە دزەیان کردووەتە ناو عێراق.

ئەو چەتانە ئاماژەیان بەوەشکردوە، دوای گەیشتنیان بە عێراق لەگەڵ شانە نوستووەکان خۆیان ڕێکدەخەنەوە و دژی سوپای عێراق و پێشمەرگە و هاوڵاتییانى مەدەنى شەڕ دەکەن، بۆ ئەوەش تورکیا هەموو هاوکارییەکی کردوون.

ئۆپەراسیۆن و چالاکییەکانى سوپا و هێزە ئەمنییەکان لە عێراق و قەسەدە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دژی پاشمەوە و شانە نوستووەکانى چەتەکانى داعش بۆ ساتێکیش نەوەستاوە، بەڵام ئەوانە هەر کۆتاییان نەهات، هۆکارەکەش هەر ئەمەیە کە دەوڵەتى تورک ناهێڵێت داعش کۆتایی بێت و بەردەوام چەتەی نوێ ڕەوانەی عێراق دەکات.

ئەردۆغان و هاکان فیدان سەرۆکی پێشووی میت و وەزیری دەرەوەى ئێستا، ئەندازیاری زیندوو کردنەوەى داعشن و هەموو هەوڵێک دەدەن داعش لە فەوتان بپارێزن، بۆیە ئەوان پشتیوانی دارایی و چەکیان بۆ چەتەکانى داعش دابین کردوە.

بەپێی دانپێدانانی چەند چەتەیەکی داعش لە زیندانەکانى عێراق و باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریا،  دەوڵەتى داگیرکەری تورک لەڕێی هاندانی گەنجە سوونەکان و گەنجەکانى خانەى نەوجەوانان لە تورکیا کە بێکەسوکارن، هەروەها ئەو پەنابەرە عێراق و سووریانەى ڕوویان لە تورکیا کردوە ڕەوانەى ناو ڕیزەکانى داعشیان دەکەن.

تاکە هێز ئێستا ڕووبەڕووی چەتەکانى داعش وەستا بێتەوە و ڕێگریی لە دووبارە زیندووبوونەوەى داعش بکات هێزەکانى سووریای دیموکرات-قەسەدە و یەپەگە و یەپەژەیە، کە بوونەتە دیوارێکی گەورە لەبەردەم ئەو هەوڵ و هەنگاوانەى ئەردۆغان و هاکان فیدان، ئەوان جگە لەوەى باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریایان لەو چەتانە پاک کردوەتەوە، هاوکات هەموو ئەو پیلان و نەخشانەشیان پوچەڵکردوەتەوە، کە ڕۆژانە دەوڵەتى تورک بۆ ڕزگارکردنى چەتەکانى داعش و سەرهەڵدانەوەى دایاندەڕێژێت.

هـ.ح

Comments are closed.