پڕۆژەی ناوەندی ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد – زنجیرەی ٣

پڕۆژەی ناوەندی ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد، کە پڕۆژەیەکە لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژی دەستیپێکراوە، بەمەستی دامەزراندنی ناوەندێکی ڕۆشنبیری و زانستی ئەکادیمی تایبەت بە ژن.

لەوبارەیەوە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە میانی چاوپێکەوتنێکدا، وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە، کە دەربارەی ناوەندەکە و کارەکانی ئاڕاستەیان دەکرێت، هەروەها ڕوونی دەکەنەوە، کە چۆن بیرۆکەکان لا گەڵاڵە بووە و ئامانجیان لێی چییە.

چ کێشەیەک هەیە لە پرۆسەی بەڵگاندن، کۆکردنەوەی بەڵگە و نوسینەوەی مێژووی ژن؟

دەمەوێ هەندێ باس لەوەش بکەم، کە ئێمە کێشەمان هەیە لە نوسینەوەی مێژوودا. لەپرۆسەیەکی داگیرکاریی دەرەکی و هەم ناوەۆکیدا نەک تەنیا دەنگی و ڕەنگی ژنی کورد داگیرکرا، بەڵکو کۆمەڵگەی کورد بە گشتی داگیرکرا. ژنی کورد دووجار ڕووبەڕووی داگیرکاری بۆوە هەم لە نێو کۆمەڵگەی کورد خۆیدا و هەم لە لایەن هێزە کۆلۆنیالیستەکانەوە بۆ ئەوەش لێکۆڵینەوە لەو دوو فاکتەرە گرنگە، کە لە نێو یەکدا ڕەچاو بکرێت. بۆ ئەوەش مێژووی بێناسنامەکردنی ژنی کورد لەگەڵ کۆمەڵگەی کورد هاوتەریب بەڕێوەبرا. بەڵام ئەوەشی تا ئاستێک کولتور، زمان، نەریت و کەلەپوری کۆمەڵگەی پاراستن ژنان بوون، بەڵام ئەم ڕاستیە لە مێژوودا باس نەکراوە. ئەوانەشی باسیان کردووە لەژێر کاریگەرى زهنیەتی ئۆرێنتالیستدا باسیان کردووە. ئەو باسانە هەندێکیان لایەنی پۆزەتیڤ و هەندێ لایەنی نەگەتیڤ لەخۆوە دەگرێت. لەبەرئەوەی لە دەرەوەڕا سەیری کۆمەڵگەی کورد و ژنی کورد کراوە لەو بەڵگەنامانەدا، کاریگەری زهنیەتی ئۆرێنتالیست، ناوەندڕۆژئاوایی و زهنیەتی دەوڵەت زۆر کاریگەرە. کاتێ باسی لە کۆکردنەوەى بەڵگە و بەڵگاندن دەکەین لە ڕاستیدا باسی ئەوە دەکەین، کە دەبێ زانین لە داگیرکاری ڕزگار بکرێت. واتە کتێبخانەکە و بەشەکانی لەهەمان کاتدا ڕۆڵی پێشەنگ دەبینین لە پرۆسەی داماڵینی زانین و زانیارییە لە داگیرکاریی، دیدێکی نوێ دێنێتە ناو گفتوگۆوە لە بەشەکانی خوێندنی مێژووی کورد، مێژووی ژنی کورد و مێژووی کوردستان و دەتوانێ ئیلهامبەخشیش بۆ ژنانی جیهان هەروەک چۆن بزوتنەوەی ئازادی ژنی کوردستان لە زۆر ڕووەوە ئیلهامبەخش بووە. بۆ ئەوەش زۆرگرنگە، کە نوسینەوەی مێژوو، بەڵگاندن سەرەتا لەسەر بنەمای خۆجێبوون بێ، ئامانجیش داماڵینی زانین بێ لەهەموو جۆرە داگیرکارییەک، بۆ وەدیهێنانی بوون و پەرەپێدانی ئازادی ژن و ئازادی کۆمەڵگەیە کە کاریگەری لەسەر ژنانی هەرێمەکانی تریش دەبێت. ژنی کورد لەماوەی ساڵانی ڕابردووەوە تا ئێستاش ئەوەی سەلماندووە، کە دەتوانێ ڕۆڵی خۆی ببینێ هەم لە ڕووی تیۆری و پراکتیکیەوە بۆ کردنەوەی دەروازەی تر بە ڕووی ئازادییدا.

یەکێکی تر لە ئامانجەکان پێشخستنی کولتووری بەڵگاندن لای ژن، لەبەرئەوەی ژن بە بەردەوامی کار و بەرهەمەکانی بێنرخ بینراوە، خۆشی بە پێویستی نەبینیوە، کە بینوسێتەوە، نیشانی بدات، ئەرشیفی بکات، پێشیبخات و چاپی بکات و گرنگی پێبدات. ئەڵبەتە کاتێ باس لە یادەوەری مێژوویی ژن دەکەین لە، کە مێژووی نوسراودا پەراوێزکراوە و نادیدە کراوە، مەبەستمان چییە؟ ئایا تەنیا مەبەستمان بەرهەمی نوسراوە؟ ئایا بەرهەمی زارەکی کە وەک مێژووی زارگوتن پێناسە دەکرێن چ جێیەکی لەو یادەوەرە مێژووییەدا هەیە؟ ئەڵبەتە کاتێ گفتوگۆ لەسەر کتێبخانەی ژنی کورد کراوە بیر لە زۆر بواری کتێبخانە کراوەتەوە. ئەڵبەتە لە ناوەکەشیەوە دیارە، کە ئێمە تەنیا باس لە کتێبخانەیەک ناکەین، کە لە ڕووی فیزییکەوە ژنان ڕووی تێبکەن، بەڵکو لە هەمان کاتدا جێیەک دەبێ بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی نەنوسروای ژن، کە لەهەمان کاتدا مێژووی کۆمەڵگەیە.

لە لایەکی تر ئامانج بەدەستهێنانی ئەو وشیارییەیە، کە چۆن مێژوو بنوسینەوە بە دیدی خۆمان، نەک دیدی پیاوسالاریی، نەک لە دیدی پلەداری دەوڵەتەوە، بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو یادگایە و نوسینەوەی مێژووی ژن ، بۆ خۆپێناسەکردنەوە، بۆ پێناسەکردنی تێکۆشانەکەمان، بۆ خۆگرێدانەوە بە مێژووی خۆمان، بۆ گەیشتن بە سەرچاوەکانی زانین و زانیاریمان ئەگەر ئەوە بکەین دەتوانین لە ڕابردوومان تێبگەین، ئێستا هەڵسەنگێنین و ئێستا و ئایندە بهۆنینەوە بەشێوەیەک کە دەرفەت بۆ سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی کۆیلایەتی نەدەین چ لە سەر ئاستی تاک و چ لە ئاستی کۆمەڵگە، دەرفەت بە سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی زانینی پیاوسالاری و دەسەڵاتدارێتی و داگیرکاریی نەدەین، ئەمەش تەنیا پەیوەندی بە جوگرافیای کوردستان و ژنی کوردەوە نیە، بەڵکو پرسێکی گەردوونییە و چارەسەرییەکی گەردوونی دەخوازێت، ئەم کتێبخانەیە لە پەیوەندی لەگەڵ هەموو ناوەندەکانی هاوشێوەدا دەکات.

ئێمە ئامانجی سەرەکیمان لەم ناوەندە گەڕانەوەیە بۆ ڕەگ و ڕیشەی زانیمان بەشێکی لە مێژووی زارەکیدا شاراوەیە، لە حیکایەت، چیرۆکی میتۆلۆژی و داستانانەی ئەشق کە بە تراژیدی کۆتایی هاتووە دەبینین کە ئازادی چۆن لە دەستدراوە. بۆ ئەوەش گەڕانیش هەر لەسەر ئەو خاکەوە واتادارە. تێکۆشانەکانی ژن لە هەموو جیهاندا ئەگەر سەروەخت نەبن لەوەی کە چۆن ئەو ئازادییە بە هەڵشکانی پلەداری، دەوڵەت، دەسەڵاتدارێتی و مێژووی نوسرای یاسا پیاوسالارییەکان ، ئەوە زەحمەتە خۆمان لە دووبارە کردنەوە لە گەمارۆی مێژووی نوسراوی پیاوسالاری ڕزگار بکەین. بۆ ئەوەشە کە زانینی مێژووی ئازادی کۆمەڵگەی سروشتی-کۆمەڵگەی دایکانەی هەزاران ساڵ بەر لە ئیستا لە ڕۆژهەلاتی ناوین و زانینی کاروانی کۆمەڵگەبوون لە تەوەری بەها کۆمەڵایەتیەکانی ژن لە بوارەکانی ئابوری، تەندروستی، بیناسازی، جلوبەرگ، گۆرانی، زمان، کولتوور، گۆرانی، شیعر ئەوە دەزانین چیمان لەدەستداوە، لەکوێ و چۆن ئازادیمان لەدەستدا و چۆن بەدەستی بێنینەوە.

بە ڕۆچوون بە مێژووی زارەکی و مێژووی نەنوسراوی ژندا و ئاشكراکردنی حەقیقەتی ژن دەتوانین تێبگەین چۆن باڵادەستی بەسەر ژنەوە ئاواکرا. ئەم ڕێبازە لە تێکۆشانی ئازادی ژنی کوردستاندا لە ڕووی تیۆریی، چەمکسازی و خۆڕێکخستنەوە پەرەیسەند، ئەوەی زۆر گرنگە لێرەدا چۆن ئەو ڕیشە مێژووییە ببینینەوە، کە بەرخودانی ژنی کوردی لەسەر سەوز بووە. قسەیەک هەیە دەڵێ ” هەر گیایەک لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە ” کەواتە بەرخودانی ژن لە ڕۆژی ئەمڕۆدا لە هەر جێیەکی جیهان، بە تایبەتی بەرخودانی ژن لە کوردستان ڕیشەیەکی مێژوویی و کولتووریانەی لە بەرخوداندا هەیە.

ناوەندی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد کار بۆ کۆکردنەوە و ئاشکراکرد و دەرخستنی ئەو ڕیشە مێژوویی دەکات و لەهەمان کاتدا ئەوەشی لە ڕۆژی ئەمڕۆدا هەیە دۆکۆمێنت دەکات و کۆیدەکاتەوە و بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاسان بە کراوەیی بەردەست بێت بۆ خوێنەر، بینەر و لێکۆڵەر و هەموو کۆمەڵگەش، کەواتە کتێبخانە دەبێتە ئەو جێیە.

بەردەوامی هەیە..

ش. ئـ

Comments are closed.