٩ـی تشرینی یەکەم چڕبوونەوەی پیلانگێڕیی و هێرشەکانی دوژمن لەسەر کورد

باران گەرمیانی

٩ـی تشرینی یەکەم، ئەو ڕۆژەی تێیدا لە ساڵی ١٩٩٨ بە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە دژی ڕێبەر ئۆجالان دەستی پێکرد، هاوکات لە هەمان ڕۆژدا و لە ساڵی ٢٠١٩ یەکەم هێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر سەرێکانی و گرێ سپی لە ڕۆژئاوای کوردستان تێیدا ئەنجام درا، لە ساڵی٢٠٢٠ـشدا، ڕێککەوتنی بارزانی و کازمی لە دژی خۆبەڕێوەبەریی شنگال و گەلی ئێزدیی لەم ڕۆژەدا ئەنجام درا.

ئەمڕۆ ٩ـی تشرینی یەکەمە، وەک چۆن لەم ڕۆژەدا بە مەبەستی تاریک کردنی ڕۆژی کوردان و لە گۆڕنانی دۆزەکەی، لە ساڵی ١٩٩٨، پیلانگێڕی نێودەوڵەوتیی لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام درا و هیچ ئەنجامێکیان نەگرت، دوژمنانی کورد ئەم ڕێککەوتەیان کرد بە ڕۆژی پیلانگێڕیی و هێرشە شوومەکانیان بۆ سەر گەلی کورد.

لە ٩ـی تشرینی یەکەم، کە دەکاتە هەمان ڕۆژی دەستپێکردنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ساڵی ٢٠١٩، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، بە پشتیوانی ڕووسیا و ئەمریکا و ٥٨ وڵاتی ناو هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هێرشی داگیرکاریی بۆ سەر هەر یەک لە ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێکرد.

بە هۆی ئەو هێرشەی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک و خاپورکردنی شار و گوندەکان و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی فسفۆڕ لە دژی هاوڵاتییان، دەیان کەس شەهیدبوون و سەدان کەس ڕفێندران و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاوڵاتیی ئەو دوو شارە ئاوارەی ناوچەکانی تر بوون، دیمۆگرافیای ناوچەکەش بە تەواوی گۆڕدرا.

بێ دەنگی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، جارێکی دیکە سەلمێنەری پیلانگێڕیی نێوەدەوڵەتیی و نەگۆڕینی هەڵوێستەکانیان بوو، لەمەڕ قڕکردن و پاکتاوکردنی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکە.

هەر لە ڕۆژی ٩ـی تشرینی یەکەم بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠،  بارزانی و مستەفا کازمی لە دژی گەلی ئێزدیی و خۆبەڕێوەبەریی شنگال ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد، ئەمەش لە ژێر فشار و چاودێریی ئەردۆغان، کە بەپێی ڕێککەوتنەکە جارێکی تر چارەنووسی گەلی ئێزدیی و شنگال دەکەوێتەوە دەست ئەو کەس و لایەنانەى کە شنگالیان ڕادەستى چەتەکانى داعش کرد، بە هەمان شێوە ئەو ڕۆژە هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی دەستپێکردنی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

ئامانجی ڕێککەوتنەکەی بارزانی و کازمی، بۆ نەهێشتنی خۆبەڕێوەبەریی شنگال، هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە و ئاسایشی ئێزیدخان بوو، کە لەسەر فکر و فەلسەی ڕێبەر ئۆجالان خۆی بنیات ناوە، هەر چەندە تا ئێستا بە دەیان هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دراوە، بەڵام ڕووبەڕووی هەڵوێست و کاردانەوەی بەهێزی ئێزدییەکان بوونەتەوە و نەیانتوانیوە جێبەجێی بکەن.

پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە دژی ڕێبەر ئۆجالان، تەنها بە دەستگیرکردنی نەوەستا، بەڵکو ئامانجیان لەناوبردن و قڕکردنی کوردان بوو بە تەواوی لە کەسێتی ئەودا، وێرای ئەو پیلانگێڕییە تێکۆشانی ڕێبەر ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالیدا و ڕادەست نەبوونی بە دەوڵەتی تورک، هەروەها ئەو ئیرادە بەهیزەی گەلی کورد بۆ بەرخۆدان و تێكۆشانی مانەوە، پیلانەکانی دوژمنی هەڵوەشاندەوە.

ب.گ

Comments are closed.