پزیشكانی سلێمانی مانگرتنیان ڕاگەیاند

ناوەندی هەواڵەكان

ئەمڕۆ چوارشەمە، لە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان پزیشكانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند لە شاری سلێمانی، مانگرتنیان ڕاگەیاند، هەروەها ئاماژەیان بەوەدا، وێڕای ئەوەی لە بەرژەوەندی هاوڵاتییاندا نییە بەڵام ناچارین بایکۆت ڕابگەیەنین.

بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانیانەوە، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پزیشكانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند لە شاری سلێمانی مانگرتنی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند.

لە بەیاننامەیەكدا کە ئاڕاستەی وەزیری تەندرووستی و بریكاری وەزیری تەندرووستیی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیانیان کردووە، پزیشكانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند ڕایدەگەیەنن: وەک ڕوونە لای هەمووان، هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە دۆخێکی سەخت و ناهەمواری ئابوورییدا تێپەڕ دەبێت و دواکەوتنی مووچە گرفتێکی زۆری بۆ هاوڵاتییان بە گشتیی و مووچەخۆران بە تایبەتی درووست کردووە.

جەخت لەسەر ئەوەش دەكەنەوە: زیاتر لە سێ مانگە مووچەی فەرمانبەران دابەش نەکراوە و وادەی دابەشکردنیشی ڕوون نییە، هەرچەندە ئەوان سەرباری وەرنەگرتنی مووچەش بەردەوام بوون لە خزمەتەکانیان، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی داراییان نییە ناتوانن چیتر بەردەوام بن.

 ئاماژەیان بەوەشداوە: ئەگەرچی ئەم هەڵوێستە لە بەرژەوەندی هاوڵاتییان و نەخۆشەکاندا نییە، بەڵام بە ناچاری و بە هۆی ئەو بارگرانییەی کەوتووەتە ئەستۆیان ناتوانن بەردەوام بن لە خزمەتکردن و لە ئەمڕۆوە بڕیاری بایکۆتکردنی سەرتاسەرییان داوە و هەتا شایستە داراییەکانیان دابەش نەکرێت، بەردەوام دەبن لەسەر هەڵوێستی خۆیان و بایکۆت ناشکێنن.

ئەمە لەكاتێكدایە نزیكەی ٥٠ ڕۆژە مامۆستایانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندنیان ڕاگەیاندووە و تا ئێستا هیچ وادەیەكیان بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام و پڕۆسەی خوێندن دیارینەكردووە.

ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی مانگی ١١ یە، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئابی دابەشنەکردووە.

ب. هـ

Comments are closed.