مێژووی پەدەکە؛ خەرمانێک لە تیرۆر و ڕفاندن و زیندانیی!

بنار هیدایەت

پەدەکە ئەو پارتەی لە درووستبوونییەوە تا ئەمڕۆ مەقاشی دەستی دوژمنانی کورد بووە و لە ناوخۆشدا مەکینەی کپکردن و لەناوبردنی دەنگە ئازادەکان بووە، لە تیرۆرکردنی ڕەئوف ئاکرەییەوە تا سەردەشت عوسمان و وەدات حسێن و شوکری زەینەدین و کەیسی زیندانییانی بادینان و ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، ناسنامەی ئەم حزبەن.

سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لە پاش سەردانیکردنی کەسوکارەکەی لە ١ـی تشرینی یەکەم بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ بەشداریکردن لە پرسەی باوکی لە شاری حەلەب، کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی ناوچەی جندرێسن لە عەفرینی داگیرکراو و پاش داگیرکردنی شارەکەیان لە ئاوارەییدا دەژین، لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ باشووری کوردستان، لە ٢٥ـی تشرینی یەکەم لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە لە دەروازەی فیشخابوور ڕفێندرا و تا ئێستاش بێ سەروشوێنە.

لە پاش شەش ڕۆژ لە ڕفاندن و بێ سەروشوێنکردنی سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان، ئاسایشی دهۆک بە بڵاوکردنەوەی تۆمەتێکی ناڕەوا و پڕ لە چەواشەکاریی هەوڵیاندا سلێمان ئەحمەد، هاوشێوەی زیندانییانی بادینان سزا بدەن.

لە ڕاگەیاندراوێکی پڕ لە چەواشەکاریی و ناڕاستدا، ئاسایشی دهۆک ڕایگەیاند، گوایە ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد “پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەوانییەوە نییە و بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە” هەروەها بە ڕوونی هەڕەشەی سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەکەن لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتە پووچ و ناڕاستانە.

لە کاتێکدا سلێمان ئەحمەد ساڵانێکە بەبێ دابڕان کاری ڕۆژنامەوانیی دەکات و ئەندامی کارای یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد (یەرەئا)یە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە پاش داگیرکردنی عەفرین خێزانەکەی سلێمان ئاوارە دەبن و خۆشی بۆ کارکردن لە ساڵی ٢٠١٨ ڕوو لە باشووری کوردستان دەکات، لەو کاتەوە بەبێ دابڕان وەک هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) کاردەکات و هەڵگری ئیقامەی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە.

ڕۆژنیوز وەک ئاژانسێکی ئازاد و سەربەخۆ، لە سەروبەندی ڕەشبگیرییەکانی پەدەکە لە بادینان و دەستگیرکردنی سەدان ڕۆژنامەنووس و سزادانی شێروان شێروانی و هاوڕێیانی بە سزای قورسی زیندانی لەسەر بنەمای تۆمەتی پڕوپوچ و ناڕاست، وەک ئەرکی سەرشانی خۆی ڕووماڵی بەردەوامی دەکرد و تا ئەمڕۆش ڕۆژەڤی سەرەکییە بۆی.

ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدیش درێژکراوەی ئەم ڕەشبگیرییەی پەدەکەیە و تاکە هۆکار، کارکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆ و ئازادییخوازەیە لە ئاژانسی ڕۆژنیوز.

هەمان ئەو تۆمەتانەی کە بۆ زیندانییانی بادینانیان داتاشی، ئاڕاستەی سلێمان ئەحمەدیشیان کرد و بەهەمان شێوە هەڕەشەی سزای قورسی زیندانییان لێ کرد.

پەدەکە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە تیرۆر و سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان و دەنگە ئازادەکان، لە پاش ڕاپەڕین و درووستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە، شەپۆلی سەرکوتکردن و تیرۆری دەنگە ئازادەکان، لەسەر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەناو بادینانەوە سەری هەڵدا، لە حاکم تەحسین و سادق سندی و ڕەئوف ئاکرەییەوە دەستی پێ کرد، تا تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و وەدات حسێن و شوکری زەینەدین، بە ئەمڕۆشەوە، کە ڕۆژنامەنووسان (قارەمان شوکریی و گوهدار زێباریی و شێروان شێروانیی) لە زیندانەکانی ئەو حزبە قایم کراون و سلێمان ئەحمەدیش ماوەی ١٣ ڕۆژە ڕفێندراوە و بێسەروشوێن کراوە.

ب.گ

Comments are closed.