ئادوگیت؛ مردنێکی گوماناویی لەناو زیندانی پەدەکەدا

ناوەندی هەواڵەکان

مەتین ئادوگیت ئەو کوردە وڵاتپارێزەی بەهۆی ستەمی دەوڵەتی تورکەوە پەنابەری کامپی مەخموور ببوو، بۆ پەیداکردنی بژێوی خانەوادەکەی ڕووی لە هەولێر کرد، بەڵام لە ٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیر کرا و بێسەروشوێنیان کرد، پاش چوار ڕۆژ بە شێوەیەکی گوماناوی لە زیندانی پەدەکەدا گیانی لەدەستدا.

مەتین ئادوگیت، کوردێکی وڵاتپارێزی خەڵکی وانی باکووری کوردستانە و ماوەیەکی درێژ لەناو کاروباری سیاسیدا بووە، لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٢ هاوسەرۆکی ڕێکخستنی پارتی هەرێمە دیموکاراتییەکان- دەبەپە بووە، لە ناوچەی چلداران.

بۆ یەکەمجار، لە ساڵی ٢٠١٢ـدا دەستگیر دەکرێت و ماوەیەک زیندانی دەکرێت، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ـدا وەک ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی چلداران لەسەر پشکی بەدەپە هەڵدەبژێردرێت، ساڵی ٢٠١٥ـەش بەهۆی فشارەکانی دەوڵەتی تورک و دۆسییەیەکی سیاسیی، کە لەسەری کرایەوە بە ناچاری لەگەڵ خانەوادەکەی ڕوو لە باشوری کوردستان دەکات و لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور نیشتەجێ دەبێت.

بۆ پەیداکردنی بژێوی ساڵی ٢٠٢٠ دەچێتە هەولێر و بە دوای کاردا دەگەڕێت، بەڵام ڕۆژی ٧ـی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیر دەکرێت و بێسەروشوێنی دەکەن.

دوای دوو مانگ بەدواداچوون و گەڕان بەدوایدا، خانەوادەکەی لە ڕێی پارێزەرێکەوە سەردانی ئاسایشی هەولێر دەکەن، ئاسایش سەرەتا دەڵێت “لێرە نییە”، بەڵام دواتر ئاسایشی پەدەکە پەیوەندی بە پارێزەرەکەوە دەکەن و پێی ڕادەگەیەنن؛ “ئەو کەسەی بەدوایدا دەگەڕێیت، جەڵتەی دڵ لێیداوە و مردووە”، بەڵام لەو ڕاپۆرتەی پزیشکی دادیی هەولێر داویەتی بە خانەوادەکەی مەتین، ئاشکرا بووە کە مەتین ئادوگیت هەر چوار ڕۆژ دوای دەستگیرکردنی گیانی لەدەستداوە.

لە ڕاپۆرتی پزیشکی داد-دا، ڕۆژی ١٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، وەک ڕۆژی گیان لەدەستدانی دەستنیشان کراو، بەڵام دوای دوو مانگ خانەوادەکەی ئاگادار کرانەوە.

وێڕای ئەوەی دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردنی ئەو کوردە وڵاتپارێزە لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە، هاوشێوەی تاوانەکانی تری ئەو حزبە جێگەی گومان بوو، گیان لەدەستدان و شاردنەوەی لە خانەوادەکەی زیاتر گومانی خستە سەر ئەو ڕووداوە، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک بە دوای ئادوگیتەوە بوو، پەدەکە و دەزگای پاراستنیش بوون بە بەشێک لە ئەجێندا و سیاسەتی قڕکردنی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە، ئەمەش گومانەکان دەباتەوە سەر ئەوەی کە ئادوگیت تیرۆر کراوە.

مەتین ئادوگیت کە هەموو تەمەنی لەناو تێکۆشان بۆ ئازادیی کورد تێپەڕاند، کوڕێکی بەناو ‘فرات ئادوگیت’ ناسراو بە “ڕۆژهات سیابەند”، ڕۆژی ٢٤ـی تەمووزی ساڵی ٢٠١٧، لەناو ڕیزەکانی تەڤگەری ئازادیخوازیی کوردستان-دا، لە شەڕێکدا دژی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لە ناوچەی ئەلکێی شرناخ شەهیدبووە.

ب.گ

Comments are closed.