ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتیی: بارزانییەكان سامانەکانیان بردووەتە دەرەوە و تێوەگلاون لەگەندەڵى

ناوەندى هەواڵەکان

ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتیی ڕایدەگەیەنێت، ژمارەیەك لە ئەندامانى بنەماڵەی بارزانی سەرمایەكانیان ڕەوانەی دەرەوە كردووە و تێوەگلاون لە گەندەڵی، دەشڵێن، چوار برازاى مەسعود بارزانی بە ناوەكانی (جامی و جودی و لامینا و ئەرینا) منداڵانی سیهاد بارزانی سامانەكانیان ڕەوانەی وڵاتانی كاریبی كردووە.

لەكاتێكدا سەرانی پەدەكە و مەسعود بارزانی بەناوی ڕیفراندۆمەوە هاوڵاتیانی كوردستانیان هاندەدا بەرەو سندوقی دەنگدان بڕۆن، بەڵام بەپێى ڕاپۆرتێکى ڕێکخراوى OCCRP ى نێودەوڵەتیی چوار برازای مەسعود بارزانی سەرقاڵی بردنە دەرەوەی سامانەكانیان بوون بۆ وڵاتانی كاریبی و كڕینی ناوچە و شوێنی گرانبەها لەو وڵاتانە.

رێكخراوی “OCCRP” نێودەوڵەتیی تایبەت بە هەڵدانەوەی دۆسێیەى گەندەڵی ڕێكخراو، لە ڕاپۆرتێكدا باسی لەوە كردووە چوار برازاى مەسعود بارزانی بە ناوەكانی (جامی و جودی و لامینا و ئەرینا) منداڵانی سیهاد بارزانی سامانەكانیان ڕەوانەی وڵاتانی كاریبی كردووە، بە مەبەستی ئەوەی لەو وڵاتانە دوور دەبن لە لێپرسینەوەی یاسایی و چۆنێتی بەدەستهێنانی سامانەكانیان.

ڕێكخراوەكە بە ئاماژەدان بە ناوی چەند بەرپرسێكی عێراقی لە پاڵ ناوی بارزانییەكان، ناوی پارێزگاری پێشووی بانكی ناوەندی عێراقی هێناوە، کە بە شێوەی نایاسایی سامانەكەی ڕەوانەی وڵاتی ناوبراو كردووە.

ئەمە جاری یەكەم نییە لەسەر كوڕ و برازا و نەوەكانی بارزانی ڕاپۆرتی گەندەڵی بڵاو دەكرێتەوە، لە كاتێكدا ساڵی پار لە چەند میدیایەكی ئەمریكی ئەوە بڵاوكرایەوە هەر یەك لە مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی خاوەنی چەندین كۆشكی گرانبەهان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە كاتێكدا هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە ساڵێكدا چەندین مووچەیان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە نادرێتێ.

لە سێ ساڵی ڕابردوو بەهۆی گومانەكان لەسەر پاسپۆرتی دۆمینكا و دەرهێنانی بە مەبەستی گەندەڵی، پێدانی پاسپۆرت ڕاگیرا، بەپێی راپۆرتی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەکە پێدەچێت تا وەستانی پاسپۆرتەكە حەوت هەزار و ٧٠٠ كەسایەتی و بەرپرس و كەس و كاریان ئەو پاسپۆرتەیان وەرگرتبێت.

جێی ئاماژەیە هەڵگری پاسپۆرتی دۆمینكا دەتوانێت بە بێ ڤیزای فەرمی سەردانی ١٤٤ وڵاتانی جیهان بكات، ئەمەش وایكرد بەشێكی زۆری بەرپرسانی عێراقی و كوردستانی لەناویاندا بنەماڵەی بارزانی هەڵگری پاسپۆرتی دۆمینكا بن.

ب.هـ

Comments are closed.