پەکەکە؛ چەترێک بۆ ئازادییخوازانی ئەنتەرناسیۆنالیست لە جیهاندا

ناوەندی هەواڵەکان

پەکەکە وەک یەکەمین پارت لە مێژووی کورددا، سەرەتا سنوورە دەستکردەکانی دوژمنی لەسەر خاکی کوردستان سڕییەوە، دواتر سنوورەکانی جیهانی بڕی، ئەمڕۆ دۆزی کورد و پەکەکە لە بەریتانیا و ئەمریکاوە تا ئەفریقا و ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبییەوە، خاوەندارێتی لێ دەکرێت و ئازادییخوازان لە هەموو نەتەوە جیاوازەکانەوە لە ناو ئەم تەڤگەرەدا تێدەکۆشن.

لە ٤٦مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـدا، ئەم چرکەساتە لە ٧٧ وڵاتی جیهانەوە کەمپەینی ” ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسیی بۆ پرسی کورد” لەلایەن کوردانی تاراوگە و ئازادییخوازان لە نەتەوە جیاوازەکانەوە بەڕێوەدەچێت، هەروەها بۆ پیرۆزکردنی ئەم یادە، ئازادییخوازانی ئەنتەرناسیۆنالیست شەقام و پایتەختی گەورە وڵاتانی جیهانیان هەژاندووە و داوای دەرکردنی پەکەکە لە “لیستی تیرۆر” دەکەن.

چەمکی دەستنیشانکراو لە یەکەمین دەرکەوتنی ڕێبەر ئۆجالان و پەکەکەدا “داگیرکاریی” بوو، چەمکی دووەمین “گەریلایەتیی” بوو لە سێیەمین دەرکەوتنیشدا چەمکی سەرەکی “دیموکراتیکبوونە”، یاخود مۆدێل و پڕۆژەی “کۆنفیدراڵیزی دیموکراسیی” و “نەتەوەی دیموکرات” کە سەرنجی جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و پەکەکە و ڕێبەرایەتی تەنها لە چوارچێوەی تەڤگەرێکی کوردیی نەهێشتووەتەوە، بەڵکوو وەک تەڤگەرێکی ئەنتەرناسیۆنالیست و چەتری ئازادییخوازانی جیهان تەماشای دەکرێت.

پەکەکە وەک ڕێکخستنێکی ئایدۆلۆژی، لە دەرەوەی کوردستان توانی کوردانی تاراوگەش بە ڕێکخستن بکات، بە چالاکی و کار و خەبات و بڵاوکردنەوەی تێز و فەلسەفەکانی ڕێبەر ئۆجالان لە مەڕ ئازادیی گەلان و پرسی دیموکراسی و سیاسەتی ئەخلاقییانە لە دژی دەسەڵاتخوازیی و سیستمی هەژموونگەرای سەرمایەداریی، پەیتا پەیتا سەرنجی ئازادییخوازانی جیهان و لاوانی ئەنتەرناسیۆنالیستی بۆ خۆی ڕاکێشا و بەشداریی پەکەکە بوون.

لە سەروربەندی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٨ تا ١٩٩٩ كاریگەریی ئەو ڕێکخستنە لە مەیدانەکاندا دەرکەوت، ئازادییخوازانی ئەنتەرناسیۆنالیست و کوردانی تاراوگە شەقامەکانی جیهانیان پڕ کرد لە درووشم دژی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک و سەرانی ئەو پیلانگێڕییە و لە دژی وەستانەوە.

کاریگەریی ڕێبەر ئۆجالان و پەکەکە، لە تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، وەک گوتار و کردار لە دوو ڕەهەندەوەیە، هێڵی سۆسیالیزمی دیموکراتیک و تییۆری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، ڕێبەر ئۆجالان ئازادیی کوردستان و دیموکراتیزەبوونی تورکیای وەک گۆشت و ئێسک بەیەکەوە گرێداوە، فۆرمولەی “کوردستانی ئازاد، تورکیای دیموکراتیک” بە هەمان شێوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش تەواوە، واتا بە ڕزگاریی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، دیموکراسی ڕاستەقینە گەشە دەکات.

کاریگەریی پەکەکە و فکری ڕێبەر ئۆجالان لە جیهاندا، تا ناو بەناوبانگترین و گەورەترین زانکۆ و ئەکادیمیاکانی جیهان ڕۆچووە، هەروەها بە گوێرەی ئامارەکانی دەستپێشخەری نێونەتەوەیی ئازادیی بۆ ئۆجالان، پەرتووک و نامیلکەکانی ڕێبەر ئۆجالان وەرگێڕراونەتە سەر زیاتر لە ٢٠ زمانی جیاواز، لە زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی جیهان، هەم وەک پرۆگرامی خوێندن و هەم وەک سەرچاوە پشت بە تێز و کتێبەکانی ڕێبەر ئۆجالان دەبەسترێت، جگە لە ئەنجامدانی هەزاران لێکۆڵینەوە و سیمینار لەو بارەیەوە.

دیارترین زانکۆکانی جیهان

زۆرترین لێکۆڵینەوە و سیمینار لەبارەی کتێبەکانی ڕێبەر ئۆجالانەوە بە زمانی ئینگلیزی بوون، لە دیارترین زانکۆکانی بەریتانیا لەوانە زانکۆی ئۆکسفۆرد و کامبریج.

جێگای ئاماژەیە لەو وڵاتانەی کە کتێبەکانی ڕێبەر ئۆجالان، وەرگێڕنەکراوەتە سەر زمانەکەیان، لەلایەن دەستپێشخەری نێونەتەوەیی ئازادیی بۆ ئۆجالانەوە، سیمیناری تایبەت بە تێز و نووسینەکانی ئەنجامدراوە لە زانکۆکانیاندا، وەک، وڵاتانی ئەمریکای لاتین، باشووری ئەفریقا، وڵاتانی ئیسکەندەنافیا، ئەورووپا و ئوسترالیا و چین.

ئەمڕۆش لە چیا ئازادەکانی کوردستان شانەوشانی کورد، لاوانی ئەنتەرناسیۆنالیست لە نەتەوە جیاوازەکانی جیهان، چەکی گەریلایەتییان لە شان کردووە و لە دژی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک دەجەنگن و بەرگریی لە خاکی کوردستان دەکەن، ئەمەش سحری فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای پەکەکەیە.

ب.گ

Comments are closed.