پەروەردە؛ هەوێنی سەرکەوتن و دەستکەوتە مەزنەکانیی ڕۆژئاوا

ناوەندی هەواڵەکان

لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییەی کە ” شۆڕشی ١٩ـی تەمووزی ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشی گۆڕینی زهنییەتی کۆمەڵگەیە” هەر لە یەکەم هەنگاوی شۆڕشەوە چەندیین ئەکادیمیای پەروەردەیی و فکرییی و زانستیی دامەزرێندران، لە ماوەی ١١ ساڵدا چوار هەزار و ١٣٠ خوێندنگا کراونەتەوە و زیاتر لە ٨٦٠ هەزار خوێندکار دەخوێنن، خولاسە پەروەردە بوو بە کۆڵەکەی سەرکەوتنیی شۆڕشەکە.

ئەنجوومەنیی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ٣ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ لە ڕەشنووسێکدا، لەمەڕ گرنگی ڕۆڵی پەروەردە لە ئاشتیی و گەشەپێدانی کۆمەڵگەکەندا، ٢٤ـی کانوونی دووەمی هەموو ساڵێکی وەک “ڕۆژی جیهانی پەروەردە” دیاری کرد.

لە باشووری کوردستان لە ماوەی ٣٢ ساڵ حکومڕانی کوردیدا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەروەردە لە شکست و پاشەکشێدایە، بەڵام بە پێچەوانەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان، پەروەردە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەشەدەکات و کۆڵەکەی سەرکەوتن و هەموو دەستکەوتە مەزنەکانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە.

گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە شۆڕشی ١٩ـی تەمووزی ٢٠١٢ پەروەردە و سیستمێکی نوێ و دیموکراتییانەیان کرد بە بنەما، ئەمەش بوو بە هەوێنی سەرکەوتنی شۆڕشەکە.

ئەو سیستەمەی لەوێ جێی بە دەسەڵاتدارێتی دەوڵەت لێژ کرد، پڕۆژەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی بوو، ئەویش دامەزراندنی کۆمین و ئەنجوومەن بوو بە شێوەیەکی ئاسۆیی لە هەموو خانە و بەشەکانی شار و گوند و کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوای کوردستان.

لە مانگی نیسانی ٢٠١٣ـدا دامەزراوەی پەروەردەی نووری دەرسیمی بۆ زانست و فکری ئازاد دامەزرا، ئەم ناوەندە یەکەمین ناوەندی پەروەردەکردنی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا بوو، فراوانبوونی لقەکانی ئەم ناوەندە و داخوازی گەل بۆ بینینی پەروەردە، وای کرد لە کۆنفڕانسی سێیەمدا دامەزراوەکە ناوەکەی بگۆڕێت بۆ ئەکادیمیای کۆمەڵگای دیموکراتی، ئەکادیمیای کۆمەڵگەی دیموکراتیی، سەرجەم ئەندامانی ناوەندەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کۆمینەوە بۆ ئەنجوومەن و ناوەندەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر و ناوەندەکانی کۆمەڵی مەدەنی، پەروەردە دەکات.

هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە وەک باسکی سەربازیی بۆ پاراستنی سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی، شانەوشانی پەروەردەی سەربازیی، دەبێت پەروەردەی هزریی و تیۆریی و ئایدۆلۆژیی و مێژوویش ببینن، بۆ ئەم مەبەستەش دەیان ئەکادیمیای کردووەتەوە.

١٩ ئەکادیمیای تایبەتی ژنان هەن، کە لەلایەن کۆنگرەی ستار و دەستەی ژنانی نێو خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بەڕێوە دەبرێن.

هەروەها تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕیی سووریاش پەروەردەی بەردەوام و فراوان بۆ گەنجان دەکەنەوە، هاوسەرۆکی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێریی هەرێمی فورات، مستەفا محەمەد سدیق، لەم بارەیەوە دەڵێت: ئێستا ژمارەیەک ئەکادیمیا هەن، یەکێکیان ئەکادیمیای شەهید گارزانە، کە کار بۆ پێشخستنی ئاستی زانین، بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەکات، ئەکادیمیای شەهید بۆتانیش پەروەردە بە زمانی عەرەبی دەکاتەوە، هەروەها ئەکادیمیایەک بۆ ژنانی گەنج و یەکێکی تر بۆ میدیاکاران کراوەتەوە.

 جگە لەمانە ئەکادیمیای زمان کرایەوە، هەروەها زانکۆکانی (کۆبانێ و ڕۆژئاوا و شەرق) کرانەوە، سەرەڕای ئەمانەش ١١ ئەکادیمیا و ٧ پەیمانگای تر هەن.

دەتوانین بڵێین لە سەرجەمی ئەم ئەکادیمیا پەروەردەییانەدا ڕاستی کوردستان و هونەر و کەلتوور و سیاسەت و فەلسەفە و فیکر و  پێکەوەژیانی گەلان و ژن و ژینگە و چەندان پرسی تر بابەتی سەرەکین، ئەویش بە شێوەیەکی خۆکرد و بە دوور لە چەواشەکاریی و بەرژەوەندییەکانی ئەقڵ و ئەکادیمیای ڕۆژهەڵاتناسی و داگیرکەران لەمەڕ ڕاستی کوردستان.

لە سەرجەم ئەم ئەکادیمیایانەدا ڕاستی مێژوویی و فکریی کۆمەڵی کوردەواریی و گەلانی تری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شیکار دەکرێن و سەرڕاست دەکرێنەوە، بەم ڕەنگە کۆمەڵگە هەم دەتوانێت خۆی بەڕێوە ببات، هەمیش خۆی لە دەسەڵاتی داپڵۆسێنەر و بەرژەوەندخوازی دەوڵەت بپارێزێت.

دامەزراندنی سیستمی پەروەردە و خوێندن

جگە لە ئەکادیمیاکان، لە ماوەی ١١ ساڵدا چوار هەزار و ١٣٠ خوێندنگا کراونەتەوە، وێڕای شەڕ و داگیرکاریی بەردەوام بۆ سەر خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەو بەشەی کوردستان، زیاتر لە ٨٦٠ هەزار خوێندکار دەخوێنن و ٤٣ هەزار مامۆستا بە خۆشەویستی و دڵسۆزییەوە وانە دەڵێنەوە، لە خوێندنگاکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە پۆلی یەکی بنەڕەتییەوە تا پۆلی ١٢ـی ئامادەیی دەخوێندرێت و دواتر هەر لە زانکۆی خۆیان بەردەوامی بە خوێندن دەدەن.

زانکۆی سەرەکیی ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری  قامیشلۆیە، بەڵام بەشی لە ڕومێلان و حەسەکەش هەیە، لەگەڵ زانکۆی کۆبانێ و شەرق، کۆلێژەکانی بریتین لە: ئەندازیاریی کشتوکاڵ، هونەرە جوانەکان، ئەدەبیاتی کوردی، ژنۆلۆژی، ئەندازیاریی نەوت، ئەندازیاریی پترۆکیمیایی، پەروەردە.

هەروەها حەوت بەشیش لەخۆ دەگرێت ئەوانیش بریتین لە: مێژوو، جوگرافیا، مامۆستای پۆل، بیرکاری، فیزیا، کیمیا، سرووشتناسی، دارایی و کارگێڕیی، لە پاش تەواوکردنی زانکۆش، دەرچووان لە بوارەکەی خۆیاندا لە ناو خۆبەڕێوەبەرییدا دەستبەکار دەبن و دادەمەزرێن.وێڕای هێرش و بۆردوومانە بەردەوامەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەریان، کە هەندێک جار خوێندنگاکانیش دەکەنە ئامانج، لە ڕۆژئاوای کوردستان بەبێ ڕاوەستان، ڕۆژانە دەنگی هەزاران منداڵ لە حەوشەی خوێندنگاکان دەبیسترێت، کە سروودی نیشتمانی “ئەی ڕەقیب” دەڵێنەوە.

بەڵام ئەم ئەزموونە کوردییە بێ دوژمن نییە، چواردەوری تەنراوە بە هێزی کۆنەپارێز و کرێگرتەی تورکیا و ئێران هێزە نیودەوڵەتییەکان، هەروەها لە باشووری کوردستانیش پەدەکە بەناوی حکومەتی هەرێمەوە گەمارۆیەکی ئابووریی و سیاسیی و میدیایی توندی خستووەتە سەر ئەم ئەزموونە کوردییە و بە قازانجی تورکیا دەروازە سنوورییەکانی بە تەواوی بەسەردا کڵۆم داوە.

ب.گ

Comments are closed.