“پەرتەوازەیی حزبە کوردییەکان کەرکووک و هەرێمیشی خستووەتە مەترسییەوە”

سلێمانی

سێ مانگی تەواوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچووە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان و پەرتەوازەیی کورد لەو شارەدا تائێستا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەیتوانیوە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجامبدات، ڕێزان شێخ دلێریش دەڵێت: پەرتەوازەیی حزبە کوردییەکان کەرکووک و قەوارەی هەرێمیشی خستووەتە مەترسییەوە.

لە درێژەی دیمانە تایبەتەکەیدا لەگەڵ ڕۆژنیوز ڕێزان شێخ دلێر ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، تیشکی خستەسەر لێکەوتە نەرێنییەکانی ململانێی حزب و لایەنە کوردییەکان، بەتایبەت کاریگەرییەکانی لەسەر شاری کەرکووک و قەوارەی هەرێم بە گشتیی، ئاماژەی بەوەکرد گەلی کورد چەندین ساڵ هەوڵیدا و خەباتی کرد لەپێناو ئەوەی حکومەت و قەوارەیەکی هەبێت، بەڵام ئێستا بەهۆی پەرتەوازەیی و یەکڕیز نەبوونی حزبەکان هەموو ئەوەی هەوڵی بۆ دراوە خەریکە لەناو دەچێت و لە مەترسیدان.

ڕێزان شێخ دلێر
ڕێزان شێخ دلێر

ڕێزان شێخ دلێر، لە سەرەتادا باسی لەوەکرد، بەهۆی دەستوەردانی دەوڵەتی تورک و هەژموونی لە شارەکەدا، پاشان پەرتەوازەبوونی لایەنە کوردییەکان، نەتوانراوە پارێزگارێک بۆ کەرکووک دیاریی بکرێت، بەردەوامی ئەو پارچەبوونە و ڕێککنەکەوتنەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو کورسیانەی بە دەنگی کورد بەدەستهاتووە لەدەستبچن، کە ئەوەش غەدرێکی گەورەیە بەرامبەر کەرکووک و هاوڵاتیانیی.

وتیشی: هۆکاری ئەو دۆخە نەبوونی یەکدەنگیی و پشتیوانیکردنە لە یەک لەنێو حزبە کوردییەکان بەتایبەت، کە یەکێتی پێنج کورسی و پارتی دوو کورسی بەدەستهێناوە، چونکە نەبوونەتە یەک و پێکەوە وەک قەوارەی کورد دانووستانیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە نەکردووە، ئەوەش بەڕاستی جیێ نیگەرانییە.

تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەو پەرتەوازەییە لە کەرکووک ڕەنگدانەوەی ئەو ناکۆکییە ناوخۆییە لەنێو هەرێمدا، کە نەیانتوانیوە حکومەت پێکەوە بەڕێوەببەن و ئێستاش دوو ئیدارەیی بە ڕوونی لە هەرێم دەرکەوتووە و جەختی کردەوە، کە ئەوان لە ناوخۆ ڕێکنەبن بێگومان ناتوانن لە دەرەوەی هەرێمیش ڕێکبن و کاریگەرییان هەبێت.

لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، هەبوونی ئەو ناکۆکیی و ململانێیەی نێوان کورد وای کردووە، تورک و سووننە و هەرلایەنێک بێت دەستوەردان لە کەرکووکدا بکات، بەتایبەت کاتێک دەزانین تورکیا بەپێی بەرژەوەندی خۆی لە ڕێگەی تروکمان و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستێوەردانێکی زۆر دەکات.

ڕوونی کردەوە، پەنابردن بۆ دادگای فیدڕاڵی و خواستی خەڵک بۆ ئەوەی بەغدا مووچەی پێبدات، سەرجەمی دەرئەنجامی ئەو ناکۆکیی و گەندەڵەییە کە لەناوخۆی هەرێم لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ئەنجامدراوە، چونکە هاوڵاتیان دەزانن لە ناوخۆدا نە دادپەروەریی هەیە نە مافەکانیان بەدەستدەهێنن، بۆیە ڕوویان لە جێیەکی دیکە کردووە.

وتشی: ڕاستە ئێمە باسی کوردایەتی و قەوارەی هەرێم دەکەین، پاراستنی ئەو قەوارەیە بە پلەی یەک لە ئەستۆی ئەو حزبە سیاسیانەیە، کە دەسەڵاتیان لەبەردەستدایە و خێر و بەرەکەتی ئەم هەرێمە دەخۆن.

لە کۆتاییدا وتی: بەداخەوە کورد چەندین ساڵ هەوڵیدا قەوارە، پەرلەمان و حکومەتێکمان هەبێت، بەڵام ئەوەتا بەهۆی ئەو گەندەڵیی و وێرانکارییەی لە ١٩٩١ەوە درووستیان کردووە، خەریکە هەمووی لەدەست دەچێت و لە مەترسییەکی جدییدایە.

ش. ئـ

Comments are closed.