توێژەکانی چەمچەماڵ بانگەوازیی دەکەن گەل بەشداریی لە نەورۆزی قەندیل بکەن

چەمچەماڵ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی نەورۆز، توێژە جیاوازەکانی چەمچەماڵ بانگەوازیی لە گەل دەکەن بەشداریی لە نەورۆزی بناری قەندیل بکەن و دەڵێن: بەشداریکردنی فراوانی گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان پەیام و وەڵامێکی گەورەیە بۆ داگیرکەرانی کوردستان و وەفادارییە بۆ گەلەکەمان

وا بڕیارە ئەمساڵ لە ڕۆژی ٢١ـی ئادار، ئاهەنگی نەورۆز لە زۆرینەی ناوچەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەبچێت، لە نێویاندا لە گوندی ئێندزە لە بناری قەندیل بڕیارە ئاهەنگێکی جەماوەری بە بەشداری چەندین هونەرمەند و گرووپی هونەری بەڕێوەبچێت.

توێژە جیاوازەکانی شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە ڕێگەی ئاژانسی ڕۆژنیوزەوە بانگەوازیی لە گەل دەکەن بەشداری لە ئاهەنگی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز بکەن.

عومەری حاجی حسێن
عومەری حاجی حسێن

عومەری حاجی حسێن، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کوردستان بانگەوازی کرد و وتی: پیرۆزبایی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز لە کوردانی چوار پارچەی کوردستان پیرۆز دەکەم، داوا لە کوردان دەکەم، کە بەشداری بکەن لە پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە بناری قەندیل، دوژمنانی کورد پلانیان هەیە بۆ تێکدانی پیرۆزی و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان.

وتیشى، بەشداریکردنی فراوانی گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان لە ئاهەنگەکانى نەورۆزدا پەیام و وەڵامێکی گەورەیە بۆ داگیرکەرانی کوردستان و وەفادارییە بۆ گەلەکەمان.

هەروەها ڕۆژنامەنوس پێشەوا ڕەئوف، پیرۆزبایی لە گەلی کورد دەکات و وتی: هیوادارم نەورۆز ببێتە هۆکاری ئاشتەوایی نێوان لایەنە کوردییەکان، وەک چۆن زۆرینەی شۆڕشەکانی گەلی کورد لە وەرزی بەهادا بووە، هیوادارم ببێتە هۆکاری گۆڕانکاری ڕیشەیی، لە بواری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی بۆ گەلی کورد، هیوادارم گەلی کورد بەشدار بێت لە مەراسیمەکانی جەژنی نەورۆز بە تایبەتی لە بناری قەندیل.

هەڵوێست نەریمان
هەڵوێست نەریمان

بە هەمان شێوە، هونەرمەند هەڵوێست نەریمان، سەبارەت بە جەژنی نەورۆز وتی: بێگومان جەژنی نەورۆز جەژنێکی نەتەوەی کوردە، هیوادارین یادی جەژنی نەورۆز لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەمیشە بەشکۆوە بکرێتەوە، خۆشبەختانە لە لایەن گەریلا و هاوڵاتییانی کوردستانەوە لە بناری قەندیل ساڵانە ئاهەنگی گەورە سازدەکەن، پشت بەخوا زەنگی لەناوبردنی ستەمکار لە قەندیلەوە لێدەدرێت.

پەیامم بۆ تەواوی گەلی کورد ئەوەیە هەمووان بەشدار بن لە ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە بناری قەندیل

 

سامی سەعدوڵا
سامی سەعدوڵا

سامی سەعدوڵا هاوکات، شێوەکار وتی: پیرۆزبایی لە تەواوی گەلی کورد دەکەم بەتایبەتی لە برا گەریلا و پێشمەرگەکان بە هیوام نەورۆز ببێتە هۆی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و تێکشکاندنی هەوڵی داگیرکارانەی گەلەکەمان، پەیامم بۆ تەواوی گەلی کورد ئەوەیە هەمووان بەشدار بن لە ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە بناری قەندیل.

نەورۆز بە هێمای سەرکەوتنی گەلی کورد دادەنرێت بەسەر دوژمنەکانیدا

بەختیار شەریف قوربانی
بەختیار شەریف قوربانی

لە لایەکی دیکەوە بەختیار شەریف قوربانی، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیریی و هونەریی چەمچەماڵ وتی: نەورۆز بە هێمای سەرکەوتنی گەلی کورد دادەنرێت بەسەر دوژمنەکانیدا، دوژمنانی گەلەکەمان هەمیشە ویستویانە ئاگری نەورۆز خامۆش ببێت، گەلی کوردیش وەک هەڵوێستێک بەرامبەر دوژمنانی، هەمیشە ئاگری نەورۆزیان بڵندتر کردووە.

ب. جـ

Comments are closed.