لە کەرکووک کۆڕێک لەبارەى “ڕاگەیاندن و شانۆ بەڕێوەچوو”

کەرکووک

لە کۆڕێکی ڕۆشنبیریدا تایبەت بە شانۆ و ڕاگەیاندن، باس لەوە کرا  کە کەرکووک هەمیشە خاوەنی کولتورێکی کوردی پاک و بیروباوەڕێکی نشتیمانپەروەرانە بووە بۆ خزمەتکردنی کوردستان.

ئێوارەی ئەمڕۆ  لە هۆڵی شەقامی جمهوری لە شاری کەرکووک، لە ژێرناونیشانی (گرنگی ڕاگەیاندن و شانۆ) کۆڕێک بۆ ڕاگەیاندکار و هونەرمەندی شانۆ، مامۆستا فەرید زەنگەنە ڕێکخرا، بە ئامادەبوونی بەشێک لە نووسەران و هونەرمەندان.

لە کۆڕەکەدا، مامۆستا فەرید زەنگەنە جەختی لە گرنگی پاراستنی کەلتوور و فۆلکلۆری کورد کرد بەتایبەتی لە شاری کەرکووک، هەروەها داواشی لە گەنجانی شارەکە کرد کە مێژووی کوردستانی بوونی کەرکووک لەبیرنەکەن کە شارەکە بەچ دۆخێکدا تێپەڕێوە لەپێناو پاراستنی ناسنامەی کوردستانی بوونی.

لە کۆتایی کۆڕەکەدا ئامادەبووان سەرنج و تێبێنییەکانی خۆیان ئاڕاستەی کۆڕگێڕ کرد و پاشان قەڵغانی ڕێزلێنان بەخشرایە مامۆستا فەرید زەنگەنە.

سەبارەت بە کۆرەکە فەرید زەنگەنە، بۆ ڕۆژنیوز وتی: دڵخۆشم کە دەبینم کۆمەڵێک گەنجی کەرکووک کە کاردەکەن بۆ خزمەتکردنی شارەکەم شاری کەرکووک، هەرچییەک بۆ کەرکووک بکەین هێشتا کەمە، ئەگەر کەرکووکم خۆشنەوێت کوردستانیشم خۆش ناوێت.

فەرید زەنگەنە ئەوەى خستەڕوو، ئەوەی ئەمڕۆ لەم کۆڕەدا باسیان کرد ڕابردووی شارەکە بوو، کە ئەو باسی شانۆ و میدیا کرد کە چۆن رۆلی هەبوو لە کەرکووکدا، ڕۆژگارێک بەسەرچوو، بەڵام لە سەردەمی ئیستادا گەنجاندا نازانن کەرکووک چۆن بووە و چی کردووە و لە چ دۆخێکدا ژیاوە، خاوەنی چ کەلتورێکی کوردی بووە.

وتیشێ: ئەوانەی شارەزای مێژووی شارەکە نین با بزانن کە کەرکووک هەمیشە خاوەنی کەلتورێکی کوردی پاک و بیروباوەڕێکی خزمەتکردنی کوردستان بووە.

لە کۆتایی قسەکانیدا فەرید زەنگەنە بۆ وتی: ئەو پاکیەی لەناو کوردی کەرکووک هەیە جیاوازە لە هەموو ناوچەکان، کاتێک کە کەرکووکییەکان شانۆیان هەبووە کەسێک نەیدەوێرا بلێت من کوردم بەڵام ئیستا شانازی بەو کاتانەوە دەکەین کە مێژوویەکمان بۆخۆمان تۆمار کرد.

هـ.ح

Comments are closed.