ماوەى ١٤٧ ڕۆژە سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە ڕفێندراوە

ناوەندى هەواڵەکان

ماوەى ١٤٧ ڕۆژە سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسى (ڕۆژنیوز) لەلایەن پەدەکەوە، لە دەروازەی فیشخابوور بەبێ هیچ هۆکارێک ڕفێندراوە و تا ئێستاش بێسەروشوێنە، لەوکاتەوە ڕێگە نادرێت پارێزەرانى چاویان پێ بکەوێت.

سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لە پاش سەردانیکردنی کەسوکارەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری حەلەب، کە خەڵکی ناوچەی جندرێسن لە عەفرینی داگیرکراو و پاش داگیرکردنی شارەکەیان ئاوارەبوون، سلێمان ئەحمەد لە کاتی گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە لە دەروازەی فیشخابوور ڕفێندراوە و ماوەی ١٤٧ ڕۆژە بێسەروشوێنە.

لە پاش ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان، ئاسایشی دهۆک بە بڵاوکردنەوەی تۆمەتێکی ناڕەوا و پڕ لە چەواشەکاریی دەیانەوێت سلێمان ئەحمەد، هاوشێوەی زیندانییانی بادینان سزا بدەن، ئێمە وەک ڕۆژنیوز سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە.

لە ڕاگەیاندراوێکی پڕ لە چەواشەکاریی و ناڕاستدا، ئاسایشی دهۆک ڕایدەگەیەنن، گوایە ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد “پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەوانییەوە نییە و بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە” هەروەها بە ڕوونی هەڕەشەی سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەکەن لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتە پووچ و ناڕاستانە.

سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان، لە ١ـی تشرینی یەکەمى ساڵى ڕابردووە، بۆ سەردانی خێزانەکەی و بەشداریکردن لە پرسەی باوکی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فەرمیی فیشخاپوورەوە، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەستگیر کراوە بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی یاسای و بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک، ماوەی ١٤٧ ڕۆژە بێسەروشوێنە و پەیوەندیمان لەگەڵیدا پچڕاوە.

دواتر ئاژانسی ڕۆژنیوز لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوى کردەوە، ئەم مامەڵەیەی پەدەکە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئیدانە دەکەین و داواکارین دەستبەجێ چارەنووسی سلێمان محەممەد ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، لە ئێستادا سەلامەتی گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ئەستۆی پەدەکەدایە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ڕۆژى ٢٥ى مانگى ١ى ئەمساڵ نەریمان ئەحمەد، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد ڕایگەیاند: ئەگەر لەكاتێكی زوودا چارەنووسی سلێمان ئاشكرا نەكرێت، ئەوا حكومەتی هەرێم و وەزیر ناوخۆی هەرێم پەلكێشی دادگای فیدراڵی دەكەین، بۆیە داوا دەكەین، ڕێگەمان بدەن بیبینین و تۆمەتی ساختەی بۆ درووست نەكەن.

باسى لەوەشکرد، لە کاتی سەردانەکانماندا بۆ هەوڵی بینینی سلێمان ئەحمەد، جگە لە سلێمان ئەحمەد، زۆرکەسی دیکە بە ناڕەوا لە زیندانی ئاسایشدا بەند کراون و هیچ تۆمەتێکیان نییە، ئەمە پێشێلکارییەکی ڕوونە و ئەرکی هەموو لایەنەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤە لەدژی ئەو بابەتە بوەستنەوە.

ئـ.م

Comments are closed.