ئیسماعیل هەنیە سەردانی ئێران دەكات

ناوەندی هەواڵەكان

ئەمڕۆ سەرۆكی بزووتنەوەی حەماس سەردانی تارانی پایتەختی ئێران دەكات، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆببێتەوە و تاوتوێی دواین پێشهاتەكان و بڕیارەكانی سەر غەزە بكەن، هەروەها بڕیارە ئیسماعیل هەنیە چاوی بە سەرۆك كۆماری ئێران بكەوێت.

میدیا عەرەبییەكان لە سەرچاوەیەكی نزیك لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەواڵی سەردانیكردنی ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی بزووتنەوەی حەماسی بۆ تاران بڵاوكردەوە.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە، بڕیارە ئەمڕۆ ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی بزووتنەوەی حەماس سەردانی تارانی پایتەختی ئێران بكات و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆببێتەوە و تاوتوێی دواین پێشهاتەكان و بڕیارەكانی سەر غەزە بكەن، سەردانەكەش ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئیسماعیل هەنیە لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران و حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و عەلی ئەحمەدیان سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و ئایەتوڵا عەلی خامنەیی ڕێبەری ئیسلامیی ئێران كۆدەبێتەوە.

حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران هەینی ڕابردوو پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکى حەماس سەبارەت بە دوایین گۆڕانكارییەكانی دۆخی فەلەستین و غەزە ئەنجامدا، لە پەیوەندییەكەدا ئیسماعیل هەنیە جەختی لە سەر بەرزی توانای چەكدارەكانی بەرامبەر ئیسرائیل كردوەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئیسماعیل هەنیە دۆخی باكووری غەزەی بە قەیران وەسف كرد، جەختی لە سەر پێویستی دەستێوەردانی خێرای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ناردنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ دانیشتوانی كەرتی غەزە و ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەكانی ئیسرائیل كردەوە.

جێگەی ئاماژەیە، شەوی ڕابردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتدا، پڕۆژە بڕیارێكی بە مەبەستى ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە كەرتی غەزە تاوتوێ كرد، لە كۆتایدا ئەنجوومەنەكە پڕۆژە بڕیارەكەی پەسەند كرد، بەو پێیەش سەرجەم بارمتەكان ئازاد دەكرێن و هاوكاریی مرۆیی دەگەیەنرێتە غەزە.

هـ.ئ

Comments are closed.