ئێشکگری دادپەروەریی بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان بەردەوامە

ناوەندی هەوڵەکان

چالاکییەکانی ئێشکگری دادپەروەریی لە پێناو “ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسیی دۆزی کورد”، لە چەند شارێکی باکووری کوردستان بەردەوامە.

کەسوکاری زیندانییان و دایکانی ئاشتیی لە پێناو “ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسیی دۆزی کورد” ئێشکگری دادپەروەرییان دەست پێ کردووە، چالاکییەکە لە شارەکانی ئامەد و وان و ئیستەنبووڵ و مێردین و ئزمیر بەردەوامە.

لە چالاکییەکاندا درووشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ” و “بێ سەرۆک ژیان نابێ” و “بژی بەرخۆدانی زیندان” و “ژن، ژیان، ئازادیی” بەرز کرایەوە، دایکان ئێلەکی درووشمداریان پۆشی و لەسەری نووسرابوو “گۆشەگیری تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە”.

لە چالاکییەکەی ئامەد، کە ١١٣ ڕۆژە بەردەوامە، کەسوکاری زیندانییەک مەریەم توران وتی: “وەک دایکان تا هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ، بەرخۆدان دەکەین، داوا لە هەموو دایکان دەکەین بە تایبەت دایکی زیندانییان، پشتگیری لە چالاکییەکە بکەن، تا ئەم گۆشەگیرییە بەردەوام بێت ئێمە ئارام نابین، ئێمەش لە ماڵەکانی خۆمان لە گۆشەگیریداین، تا بەدیهاتنی داخوازی ئێمە، کە هەڵگرتنی گۆشەگیرییە، تەنها ئەوکاتە ئارام دەبین و دەگەڕێینەوە ماڵەکانمان”.

لە چالاکییەکەی، وان کە ١٠٩ ڕۆژە بەردەوامە، یەک لە دایکان بە ناوی کەوێ ئیشک وتی: “ڕۆڵەکانمان ١٢١ ڕۆژە لە زیندان مانیان لە خواردن گرتووە، ئەم گۆشەگیرییە لەسەر ڕۆڵەکانمان و گەلی کورد بەڕێوە دەچێت، داوای پشتیوانی لە هەموو مرۆڤێکی بە ویژدان دەکەم، تا گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان هەڵنەگیرێت، گۆشەگیری سەر زیندانیانیش هەڵ ناگیرێت، تاکە ڕێگەی ئاشتیی، کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان، پێویستە دەمودەست کۆبوونەوە بکرێت”.

ب.گ

Comments are closed.