هاوڵاتییانی بناری قەندیل: چەند قوربانیش بدەین داگیرکەران تێکدەشکێنین

بناری قەندیل

هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتى تورک بەسەرخاک و خەڵکی باشووری کوردستان بەردەوامە و هێرشەکانیش تا دێت زیاتر دەبن و خەڵکی مەدەنى دەکەنە ئامانج، هاوڵاتییانی بناری قەندیلیش دەڵێن: چەند شەهید وقوربانی بدەین هەر لە خەبات و تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەبین و دوژمنان تێکدەشکێنین، بۆیە پێویستە بەرامبەر پیلانگێڕان یەکڕیز و یەکگرتوو بین.

تا دێت هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕوو لە زیادبوون کردووە و زیاتر هاوڵاتییانی مەدەنی دەکەنە ئامانج، بێدەنگی حکومەتی عێراق و هەرێمیش هۆکاری سەرەکی بەردەوامی ئەو هێرشە داگیرکارییانەن، تەنیا گەریلاکانى ئازادیی و وڵاتپارێزان و ئازادییخوازان لەدژی ئەو هێرشە داگیرکارییانە وەستاونەتەوە و تێکۆشکان دەکەن.

هاوڵاتییانی بناری قەندیل لەسەر هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک بەم جۆرە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

حەمەدەمین خدر
حەمەدەمین خدر

حەمەدەمین خدر هاوڵاتییەکی بناری قەندیلە وتی: دوژمنانی گەلی کورد زۆرن، بەڵام ناتوانن ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنن، چونکە بەردەوام لەکار و خەبات داین، ڕۆژ بە ڕۆژ دوژمنان هێرشی زیاتر دەکەنە سەر شار و گوند و چیاکانمان و هاوڵاتییانی سڤیل و بێتاوان دەکەنە ئامانج و شەهیدیان دەکەن، بەڵام گەلی کورد خۆڕاگرە و بەرخۆدانێکی مەزن دەکات و ئیرادەی دوژمن تێکدەشکێنێ، چەند شەهید وقوربانی بدەین هەر لە خەبات و تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەبین و دوژمنان تێکدەشکێنین.

ئاماژەى بەوەشکرد، لایەنە سیاسییەکانی کورد و نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر بێ هەڵوێستن بەرامبەر ئەو کارە قێزەونانەی کە دەوڵەتی تورک بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامی دەدات.

ئەو هاوڵاتییە دەشڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان وڵات و خاکی خۆی ناپارێزێت و لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان بێدەنگن لە ئاست هێرش و بۆردوومان و پەلامارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.

شێخ محەمەد
شێخ محەمەد

شێخ محەمەد بەستێ هاوڵاتییەکی تری ناوچەکەیە و وتی: ڕۆژانە بەردەوام فڕۆکەی جەنگی و چاودێری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەسەر ئاسمانی باشووری کوردستان دەسوڕێتەوە  و بەتایبەت لە سنووری پاریزگای سلێمانی و بناری قەندیل چڕتر بووەتەوە، بۆیە پێویستە لەبەرامبەر ئەو پیلانگێڕیانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک خەڵك وشیاربێت لەهەموو بەشەکانی کوردستان بێنە سەرخەت.

وتیشی: ڕۆژانە لەگەڵ ئەوەی قەندیلی کوردستان لەلایەن فڕۆکەی جەنگی و سیخوڕی بۆردوومان دەکرێت، هەروەها شارەکانی هەرێمی کوردستانیش ئێستا کەوتوونەتە ژێر بۆردومانی چڕی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و پیلانی لەناو بردنی گەلی کوردی هەیە لەهەموو بەشەکانی کوردستان.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: ئەگەر داگیرکەرانی کوردستان لەسەر هەموو شتێک ناکۆک بن کە هاتنە سەر قڕکردنی گەلی کورد  کۆک و هاوڕا دەبن، دەبا ئێمەش ئەگەر لەسەر هەموو شتێک ناکۆک بین بەرامبەر پیلانگێڕان با یەکگرتوو یەک دەنگ بین.

ئەو هاوڵاتییەى بناری قەندیل داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و هەموو خەڵکی کوردستان  و ڕای گشتیی دەکات بەرامبەر ئەو هێرش و زوڵم و ستمەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بێدەنگ نەبن و هەستنە سەرپێ .

هـ.ح

Comments are closed.