ژنانی چالاکوان: یەکدەنگیی ژنان کلیلی چارەسەرییە بۆ کۆتاییهێنان بە نادادییەکان

هەولێر

نەبوونی یەکسانی جێندەریی و نادادپەروەریی بەرامبەر ژنان لە تەواوی جیهاندا بە شێوازی جیاجیا بوونی هەیە، کە هۆکارەکەی زاڵبوونی هزری پیاوسالارییە، ژنانی چالاکوانی هەولێر جەخت دەکەنەوە، تەنها بە یەکدەنگیی و پشتبەستن بە تواناکانی خۆیان دەتوانن مافەکانیان مسۆگەر بکەن.

ژنانی کورد هەمیشە بەشدارێکی کارا و سەرەکی بوون لە گشت قۆناغەکانی مێژوودا، لە سەرجەم کایە و بوارەکانی کۆمەڵگەشدا هەمیشە جێدەستیان دیاربوو و تواناکانیان سەلماندووە، بەڵام بەهۆی باڵادەستی دەسەڵاتی پیاو نەتواندراوە یەکسانی و دادپەروەریی ماف و یەکسانی مسۆگەر بکەن، هەربۆیە ژنانی چالاکوانان بەپێویستی دەزانن، بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی ژنان و پشتبەستن بە تواناکانی خۆیان، دەتوانن مافەکانیان بە دەستبهێنن.

لەو بارەیەوە ژنە چالاکوان کۆسرەت ئەحمەد وتی: ژنان سەرچاوەی وزەیەکی زۆر و  لە بن نەهاتووە بۆ کۆمەڵگە، بۆیە ژنان دەتوانن مافی ئازادیی و یەکسانی بە تاواناکانی خۆیان بە دەست بهێنن، ژنان بەردەوام لە کۆششدان، تا کۆمەڵگەیەکی هۆشیارتر و کارامەتر بەرهەمبهێنرێت.

کۆسرەت ئەحمەد
کۆسرەت ئەحمەد

کۆسرەت ئەحمەد باسی لەوەشکرد، ژنانی باشووری کوردستان بەهۆی دابوونەریتی کۆنی کەلتووریی و ئاینی، وایکردووە ئازادیی ژنان سنووردار بکرێت، بە جۆرێکە ژنان ڕووبەرووی تووندوتیژیی و ئازاردانی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە، بەپێویستی دەزانێت ژنان بەیەکگرتوویی کەلتووری پیاوسالاری ڕەتبکەنەوە، یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان لە کۆمەڵگە بهێنە ئاراوە.

ئاڤان جاف ژنە چالاکوانێکی دیکەیە لە هەولێر و دەڵێت: ژنانی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان خەبات و تێکۆشانیان بەردەوامی هەیە، لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادیی و مافەکانیان، بەجۆرێک لە نێو ژنانی باشووری کوردستان یەکدەنگیەکی زۆرهەیە، تا کۆتایی بە بیرو هزری پیاوسالاریی بهێندرێت و مافەکانی یەکسانی و ئازادیی نێوان ژن و پیاواندا بەدەستبەهێنن.

ئاڤان جاف
ئاڤان جاف

باسی لەوەشکرد، سەڕەرای هەبوونی کێشە و گرفتەکانه بەردەم ژنان، تێکۆشان و هەوڵەکانی ژنان بەردەوامی هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی لە بڕیاردان و مافەکانی یەکسانی لە کۆمەڵگەدا، چونکە ژنان دەتوانن لە ناوەندەکانی دەسەڵات و بڕیاردانان ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەر ببینن، هەبوونی کۆدەنگی و پاڵپشتیی کردنی ژنان لە یەکتری بەگرنگ دەزانێت و وتی: تەنها لە ڕێگەی یەکدەنگیی و یەکهەڵوێستییەوە ژنان دەتوانن مافەکانیان مسۆگەر بکەن.

ش. ئـ

Comments are closed.