کۆن-مەد: بەرامبەر ئاژەوەگێڕییەکانی تورک هۆشیاربن و بێ وەڵام نەمێنن

ناوەندی هەواڵەکان

پاش هێرشە ڕەگەزپەرستییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردان لە بەلجیکا، کۆن-مەد پەیوەست بە “ئاژاوەگێڕییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان” هۆشیاری دەداتە گەل و ڕێکخراوەکانی کورد لە ئەورووپا.

کۆنفیدراسیۆنی جڤاکی کوردستانیان لە ئەڵمانیا (کۆن-مەد) ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاو کردەوە، ڕایگەیاند ساڵی ٢٠٢٣ بە درووشمی “ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ دۆزی کورد” قۆناغێکی گرنگ و ئەنجامدارمان دەست پێ کرد، پێویستە گەلی کورد بەرامبەر ئاژاوەگێڕییەکانی دەوڵەتی تورک هۆشیار بێت.

کۆن-مەد تیشکی خستووەتەسەر هێرشە ڕەگەزپەرستییەکەی بەلجیکا و دەڵێت: “بێگومان ئەم هێرشە ئاژاوەگێڕییە پیلان بۆ داڕێژراوی دەوڵەتی فاشیستی تورک و دەزگا هەواڵگرییەکەیەتی، هەڵبەت شتێکی سرووشتییە بەرامبەر ئەم هێرشانە مافە دیموکراتییکەکانی خۆمان بەکاربهێنین و ناڕازەیەتی دەرببڕین، لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە چەند خاڵێک ڕوون بکەینەوە”.

کۆن-مەد ئاماژە بەوە دەکات لە ئاهەنگی نەورۆزی فرانکفۆرتدا ئیرادەی هاوبەشی کوردانی چوار پارچەی کوردستان و داخوازی یەکێتی گەلی کورد بە ڕوونی دەرکەوت، دەڵێت: “لەم قۆناغەدا، پێشکەوتن و دەسکەوتە جڤاکییەکان بوونەتە مایەی جۆش و وزەیەکی مەزن، بۆ ڕەشکردن و بچووککردنەوەی گەلی کورد و ڕێکخراو و دامەزراوەکانی کورد، کە تێکۆشانی ئازادیی بەڕێوەدەبەن، هەموو جۆرە هەوڵێکی ئاژاوەگێڕیی دەخرێتە گەڕ.

هێرشەکانی ئەم دواییە لە بەلجیکا دژی کوردان کە بەدەستی هەواڵگریی دەوڵەتی فاشیستی تورک پێکهات، بەڕوونی ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت”.

کۆن-مەد بانگەواز لە گەلی کورد و ڕێکخراوەکانی دەکات نەکەونە داوی هەوڵەکانی ئاژاوەگێڕییەکانەوە و دەڵێت: “بێگومان گەلەکەمان بەرامبەر هەموو هەوڵە قێزەونەکان لە دژیان، بێدەنگ نامێنێت و وەڵامی پێویست دەداتەوە، بەڵام ئەوەش گرێدراوە بە سنوور و پێوەرە دیموکراتیکەکانەوە، بەبێ بەزاندنی سنوورەکانی خۆپاراستنی ڕەوا.

وەک کۆن-مەد دیسانەوە بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەین بەرامبەر هێرشە ڕەگەزپەرستییەکان بێدەنگ نەبن، هاوکات بەرامبەر هەوڵەکانی ئاژاوەگێڕیی هۆشیاربن”.

ب.گ

Comments are closed.