وەزیرى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق: پێویستمان بە بەنداوی نوێ نییە

ناوەندی هەواڵەكان

وەزیری سامانە ئاوییەكانی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەمان پێویستی بە درووستكردنی بەنداوی نوێ نییە لەسەر ڕووباری دیجلە و فورات و بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ قەبارەی یەدەگی ئاو بە ڕێژەی چوار ملیار مەتر سێجا زیادیی کردووە، دەشڵێت، ڕازی نابین بە درووستكردنی بەنداوی جەزرە لەلایەن تورکیاوە لەسەر ڕووباری دیجلە.

عەون زیاب وەزیری سامانە ئاوییەكانی عێراق لە بارەی درووستكردنی بەنداوی نوێ و ڕێژەی ئاوی یەدەگی عێراق بۆ میدیا ناوخۆییەکان دەدوێت.

عەون زیاب ڕایگەیاندووە، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەى، كە لە كۆتایی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا باریووە، قەبارەی یەدەگی ئاوی وڵاتەكەمان چوار ملیار مەتر سێجا بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ زیادیی کردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق لە ئێستادا پێویستی بە درووستكردنی بەنداوی نوێ نییە، بەو پێیەی توانای گلدانەوەى ئاوى زۆری لە بەنداوی تەرتار هەیە، كە بڕی ٤٠ ملیار مەتر سێجایە.

دەشڵێت، وەزارەتەكەمان بەنداوی مەسەد و ئەبو تەكیەی لە بیابانی ئەنبار تەواو كردووە و دەستی كردووە بە درووستكردنی بەنداوی عوبێد لە پارێزگای كەربەلا، كە توانای گلدانەوەى چوار ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.

باسی لەوەشكرد، تا كۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥، وەزارەتەكەمان ٣٦ بۆ ٤٠ بەنداوی بچووك بۆ گلدانەوەى ئاو لە پارێزگاكانی ئەنبار، میسان، كەربەلا، نەجەف و نەینەوا تەواو دەكات، ئەمەش دەبێتە چارەسەرێك بۆ قەیرانی كەمی ئاو لەو ناوچانەدا.

عەون زیاب لە كۆتایدا وتی، عێراق ڕازی نابێت بە درووستكردنی بەنداوی جەزرەی توركیا لەسەر ڕووباری دیجلە، مەگەر ڕێككەوتن لەگەڵ توركیا سەبارەت بە پشكی ئاوی عێراق بكرێت.

هـ.ئ

Comments are closed.